بێکهام لەبارەی کۆرۆناوە پەیامێک بۆ بەریتانییەکان دەنێرێت

19-03-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دەیڤد بێکهام ڤایرۆسی كۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

دەیڤد بێکهام، ئەفسانەی تۆپی پێی ئینگلتەرا، لە رێگەی ئینیستاگرامەکەیەوە پەیامێکی کاریگەری لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە بەریتانیا بۆ خەڵکی وڵاتەکەی نارد.

بێکهام لە پەیامەکەیدا دەڵێت "رووبەڕووی هەڤرکییەک دەبینەوە کە پێشتر رووینەداوە". 

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی میرەری بەریتانی لە 24 کاژێری رابردوودا 34 کەسی دیکە لە بەریتانیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی قوربانیان گەیشتووەتە زیاتر لە 100 کەس، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکەش لەو وڵاتە نزیکبووەتەوە لە 2500 تووشبوو.

بێکهام لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "دەمەوێ سڵاو و رێزم بۆ ئێوە بنێرم، کە ئێستا ئێمە رووبەڕووی هەڤرکییەک دەبینەوە کە پێشتر رووینەداوە".

کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، هەروەها دەڵێت "دەتوانین پێکەوە ئەو دۆخە زەحمەتە تێپەڕێنین ئەگەر بایەخ بە خۆپاراستنی خۆمان و ئەوانەی خۆشمان دەوێن و کۆمەڵگاکەمان بدەین". هەروەها دەشڵێت "خۆشەویستی من بۆ هەمووتان، با سەلامەتی خۆمان بپارێزین".

بێکهام لەو پەیامەیدا جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە پێویستە خەڵکی بەشێوەیەکی بەردەوام و رێکخراو دەستەکانیان بە ئاو و سابون بشۆن و لە کاتی پژمیندا دەمیان بگرن و خۆیان لە هەر کەسێک بەدوور بگرن کە هەست بکەن نەخۆشە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە