پێشەنگی عێراق یاریی هەیە و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات

19-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی زاخۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی و پارێزگاریکردن لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ لە یاریی لووتکەی گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر یانەی تەڵەبە یاری دەکات.
 
لە درێژەی رکابەرییەکانی ئەم گەڕەی خولەکەدا، ئەمڕۆ ئێوارە یانەی زاخۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی تەڵەبە دەکات، یانەکە دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوەکان، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا لەگەڵ یانەی هەولێر یەکسانبوو.
 
زاخۆ بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە، بەڵام ئەمڕۆ هەریەکە لە محەممەد عەلی عەبود و ئێچێتا دێپوتی، بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوودا یاریی ناکەن.
 
ناسڕ محەممەدو گەڕاوەتەوە نێو تیپەکە و بۆ یارییکردن ئامادەیە، سیپان سەدیق، دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا یاریی نەکرد، دوێنێ بەتەواوی مەشق و راهێنانی کردووە و بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەیە.
 
زاخۆ لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، دوو رۆژ لەمەوبەر لە بەغدا، تەڵاڵ بلووشی، وەکو باشترین راهێنەری وەرزی رابردوو دەستنیشانکرا، ئەمجەد عەتوان بووە باشترین یاریزان، عەلی کازم کرایە باشترین گۆڵپارێز و هاندەرانی زاخۆش خەڵاتی باشترین هاندەریان بردەوە.
 
ئامارەکانی زاخۆ بەرامبەر تەڵەبە باشن، یانەکە لە دوایین 9 یارییدا بەرامبەر ئەو یانەیە تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە و ئەمڕۆ دەیەوێت بەبردنەوەی سێ خاڵی دیکە شوێنی خۆی لە پێشەنگی خولی عێراق بەهێزتربکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە