بایرن بە زەحمەت سەرکەوت و میلان ماڵئاواییکرد

19-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بایرن میونشن چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن لە خولەکی 94 گۆڵێکی تۆمارکرد و خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگدا، هەردوو یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و سێلتیکی سکۆتلاندی لە ئالیانز ئارێنا رووبەڕووی یەکبوونەوە و بەیەکسانبوون یانە ئەڵمانییەکە گەیشتە قۆناخی داهاتوو.
 
دوای ئەوەی لە نیوەی یەکەمدا هیچ گۆڵێک تۆمارنەکرا، لە خولەکی 63 نیکۆلاس کون گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی سێلتیک تۆمارکرد، یانە سکۆتلاندییەکە لە پێشەوە بوو، تاوەکو لە خولەکی 94 ئەلفۆنسۆ دەیڤز، بایرن میونشنی لە دۆڕان رزگارکرد و گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانەکە تۆمارکرد.
 
یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، بایرن میونشن بە سوود وەرگرتن لە بردنەوەی یاریی چوون بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، ئەنجامی گشتیی یارییەکەی کردە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ و خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
 
بایرن لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر یەکێک لە یانەکانی بایرلیڤەرکوزن یان ئاتلێتیکۆ مەدرید یاری دەکات.
 
یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی نەیتوانی سوود لە پێشکەوتنەکەی بەرامبەر یانەی فاینۆرد وەربگرێت و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگ.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پلەی ئۆفدا، میلان لە یاریگەی سانسیرۆ میوانداریی یانە هۆڵەندییەکەی کرد و بەهۆی ئەوەی لە یاریی چووندا دۆرابوو، رۆسۆنێری پێویستی بەبردنەوەی یارییەکە هەبوو.
 
دوای تەنیا 40 چرکە، سانتیاگۆ خیمینێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ میلان تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر یاریزانی فاینۆرد بوو ئاهەنگی نەگێڕا.
 
نیوەی یەکەمی یارییەکە بە پێشکەوتنی خاوەن یاریگە کۆتاییهات، لە خولەکی 51 تیۆ هێرناندێز، لە یانەی میلان بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمە کێشەی بۆ خاوەن یاریگە دروستکرد.
 
لە خولەکی 73 جولیان کارانزا ئەنجامەکەی بۆ فاینۆرد یەکسانکردەوە، یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، میلان ماڵئاواییکرد و فاینۆرد بە سوود وەرگرتن لە بردنەوەی یاریی چوون گەیشتە قۆناخی شازدە و بەرامبەر یەکێک لە یانەکانی ئینتەرمیلان یان ئارسیناڵ یاری دەکات.
 
لە یارییەکی دیکەدا یانەی کلەب برووجی بەلجیکی، بردنەوەی بەرامبەر ئاتالانتای ئیتاڵی دووبارەکردەوە و دوای ئەوەی بە 3-1 لەو یانەیەی بردەوە خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
هەردوو یانەی بێنفیکا و مۆناکۆ بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی بێنفیکا لە یاریی چووندا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردنەوەی تۆمارکردبوو گەیشتە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە