بنزیما سزا درا

رووداو دیجیتاڵ

مارسێلۆ گایاردۆی ئەرجەنتینی، راهێنەری یانەی ئیتیحادی سعودی، نیشانەی کاپتنیی یانەکەی لە کەریم بنزیمای ئەستێرەی یانەکەی سەندەوە، وەک سزایەک بۆ ئەو یاریزانە، کە بەمدواییانە کێشە کەوتە نێوانیان.
 
بنزیما گەڕایەوە بۆ بەشداریکردن لەگەڵ یانەی ئیتیحاد لە یاریی ریاز، لە گەڕی بیستەمی خولی پیشەگەرانەی سعودیە.
 
بنزیما کۆتایی بە دوورکەوتنەوەیەکی درێژخایەن لە بەشداریکردن لەگەڵ تیپەکەی هێنا، بەهۆی نائامادەیی یاریزانەکەوە، بەو پێیەی دوایین یاری کە ئەنجامیدا بەرامبەر یانەی نەسڕ بوو لە 26ـی کانوونی دووەم لە خولی رۆشنی سعودیە.
 
ئەمجارە بنزیما بۆ یەکەمجار بەبێ نیشانەی کاپتنیی تیپەکە دەرکەوت، دوای ئەوەی نونۆ سانتۆی راهێنەری پێشووی پۆرتوگالیی یانەکە، لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا ئەو نیشانەی پێدا.
 
میدیاکان باس لەوە دەکەن کە بڕیارەکەی گایاردۆ بۆ لێسەندنەوەی نیشانەی کاپتنی لە بنزیما دەرئەنجامی ئەو قەیرانەیە کە لە نێوانیاندا دروستبووە بەهۆی دواکەوتنی گەڕانەوەی بنزیما لە پشووەکەی، کە ئەمە وایکرد بەشداری لە گەشتی تیپەکە بۆ دووبەی بۆ ئەنجامدانی کەمپی مەشقکردن نەکات.
 
گایاردۆ رەتیکردەوە بنزیما پەیوەندی بە کەمپی دووبەیەوە بکات، و پێیباشبوو هێرشبەرە فەرەنسییەکە بگەڕێتەوە بۆ شاری جددە بۆ ئەوەی بەرنامەی راهێنانی تاکەکەسی ئەنجام بدات.
 
ئەم قەیرانە گومانی لەسەر داهاتووی بنزیما لە یانە سعودییەکە دروست کردبوو لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی رابردوودا، پێش ئەوەی هێرشبەرە تەمەن 36 ساڵەکە کاروانی وەرزشیی خۆی لەگەڵ تیپەکەدا دەستپێبکاتەوە.