بایرن میونشن، ئەوکاتەی شکستی تیپێک دۆخی هەرێمێک تێکدەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

شکستی سێیەمی لەسەریەکی بایرن میونشن، لە سێ یاریی رابردوویدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، دۆخی یانە باڤارییەکەی خستووەتە بەردەم چارەنووسێکی نادیار و شەپۆلی تووندی ناڕەزایەتی هاندەرانی ئەو یانەیەی گەیاندووەتە لووتکە.
 
بایرن میونشن لە هەفتەی 22ی خولی بۆندێسلیگادا، دووچاری شکستێکی لەناکاو هات بەرامبەر بۆخوم بە 3 - 2 گۆڵ و بەوەش جیاوازیی خاڵەکانی پاڵەوانی وەرزی رابردووی ئەڵمانیا، لەگەڵ بایرلیڤەرکوزنی پێشەنگی ئێستای خولەکە، بۆ هەشت خاڵ بەرزبووەوە. شکستەکە کاردانەوەی گەورەی بەدواداهات، دۆخی بایرن بووە مانشێتی میدیاکانی وڵاتەکە.
 
بۆخوم لە لووتکەی دڵخۆشیدایە
 
شکستهێنان بەبایرن میونشن لەم ساتەدا بۆ بۆخوم، کە یانەیەکە هەوڵدەدات لانیکەمی مانەوەی خۆی لە بۆندێسلیگادا مسۆگەربکات، مۆراڵی یانەکەی بەتەواوی گۆڕی. تیپەکە دوای بردنەوە لە بایرن میونشن، کۆی خاڵەکانی کردە 25 خاڵ و پلەی یانزەی ریزبەندی خولەکەی گرت و بەوەش بەژمارەیەکی باشی خاڵەوە، لە ناوچەی مەترسیداری دابەزین دوورکەوتەوە.
 
تۆماس لیچ، راهێنەری بۆخوم، دڵخۆشبوو بەسەرکەوتنی تیپەکەی، ئەو گوتی "بۆ سەرکەوتن بەسەر تیپێکی کوالیتی بەرزی وەک بایرن، دەبوو هیچ هەڵەیەک نەکەین، هەست بەئارامییەکی زۆر دەکەین، ئێمە بیرمان لەوە دەکردەوە کە دەتوانین خاڵێک لە یارییەکەدا بەدەستبهێنین، بەڵام ئێستا سێ خاڵمان بەدەستهێنا و ئەوەش جێگەی شانازییە".
 
راهێنەری بۆخوم باسی کاریگەریی هاندەرانی یانەکەی کردووە، ئەو دووپاتیدەکاتەوە بەر لە یارییەکە گوتوویەتی هیچ تیپێک حەزناکات سەردانی یاریگەکەمان بکات.
 
دڵخۆشیی سەرکەوتنەکە لای یاریزانانی یانەکەش رەنگدانەوەی گەورەی هەبوو، کیڤن شلوتیربێگ، گوتی "یارییەکی سەرنجڕاکێش بوو، ئازایەتیمان هەبوو و جەنگی دووانەیی زۆرمان بردەوە، ئاستێکی باوەڕپێنەکراومان هەبوو".
 
سێیەم شکستی لەسەریەک
 
بایرن میونشن لە ئۆڵەمپیکۆی رۆماوە بە شکستێکی چاوەڕواننەکراوەوە گەڕابووەوە. ئەو تیپە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو لە یاریی چوونی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە لازیۆی ئیتاڵی دۆڕابوو. ئەوە دووەم شکستی لەسەریەکی تیپەکە بوو، لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا.
 
پێشتر تۆماس تۆخێل و یاریزانەکانی، گرنگترین یاریی ئەمساڵیان لە بای ئارێنای یاریگەی بایرلیڤەرکوزن بە شکستێکی گەورە و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی پێهێنابوو. شکستەکەی بۆخوم هەلی دوورکەوتنەوەی زۆری بە لیڤەرکوزندا لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە و ئێستا ئیدی جیاوازییەکە لە نێوان هەردوو یانەدا بووە هەشت خاڵ.
 
شکستە لەسەریەکەکانی زەبەلاحە باڤارییەکە، رووداوی ئاسایی نین، پێدەچێ تۆماس توخێل لە سەرکێشییەکانی لەگەڵ بایرن میونشندا، رووبەڕووی بەربەستی زۆر گەورەتر لەوە بووبێتەوە کە خۆی پێشبینیدەکرد.
 
تۆخێل کە کەمتر لە ساڵێکە سەرپەرشتی بایرن میونشن دەکات و لە مانگی سێی ئەمساڵدا ساڵیادی یەکەمی مەشقدانی تیپەکە دەکاتەوە، لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا، بەهۆی کەمتەرخەمیی و بێتوانایی بۆرووسیا دۆرتمۆندەوە لە رکابەرییەکانی دوا هەفتەی بۆندێسلیگادا، جارێکی دیکە نازناوی خولەکەی بەدەستهێنایەوە، ئەوکات دیاربوو دۆخی یانەکە لەو ئاستە باشەدا نییە کە چاوەڕوان دەکرێت.
 
تۆخێل ئەمساڵی بە شکستهێنان لە جامی سوپەری ئەڵمانیا بەرامبەر لایپزیگ دەستپێکرد و هەرزووش لە جامی ئەڵمانیا کرایە دەرەوە، کەمبوونەوەی هەلی بردنەوەی نازناوی بۆندێسلیگا، لەسایەی درەوشانەوەی بەردەوامی چابی ئەلۆنسۆ و لیڤەرکوزن، راهێنەری بایرن میونشن دەخاتە بەردەم مەترسیی لەدەستدانی پۆستەکەی.
 
تۆخیل بای بای
 
کەمتر لە بیست و چوار کاژێر دوای شکستەکەی بۆخوم، ئیدی باسوخواس لە چارەنووسی تۆماس تۆخێلی راهێنەری یانەکە سەریهەڵدایەوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئەڵمانیا ئاشکرایانکرد بەرپرسانی یانە باڤارییەکە لە دوای شکستەکەوە ئیدی باوەڕیان بەوە هێناوە، چیدی دۆخەکە ئارام نییە و کەس لە رووداوەکان رازی نییە.
 
بەرپرسانی بایرن میونشن، کە بەنیگەرانییەوە لە سێ شکستە لەسەریەکەکەی تیپەکەیان دەڕوانن، بیر لە دووخستنەوەی تۆخێل لە پۆستەکەی دەکەنەوە.
 
پێدەچێ بایرن میونشن کە ساڵی رابردوو بەزنجیرەیەک تەنگژەدا گوزەری کرد و لە مانگی ئاداردا یولیان نایگێلسمانی راهێنەری لە پۆستەکەی دوورخستەوە و دواتر ژمارەیەک لە بەرپرسانی یانەکە و لە نێویاندا ئۆلیڤەرکان و حەسەن ساڵح حەمیدزیچ، دەستیان لە پۆستەکانیان لە یانەکە هەڵگرت، وا بەئاسانی راستەڕێی ئارامی و سەقامگیریی خۆی بەدەستنەهێنێتەوە.
 
بیرکردنەوە لە دوورخستنەوەی راهێنەر، لە دوای هەموو زنجیرە شکستێک باوترین بڕیارە، بەڵام ئایا بایرن میونشن کە تەنیا دوانزە یاریی لە وەرزی ئەمساڵی بۆندێسلیگادا ماوە و لەبەردەم یارییەکی چارەنووسسازدایە لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لازیۆ، بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکەی هەفتەی رابردوو، وا بەئاسانی دەست بۆ دوورخستنەوەی تۆخێل دەبات؟ ئەمەیان بڕیارێکە لەوانەیە ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بەهەڵوەستە لەسەرکردن هەبێت. ئەگەرچی سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن، دۆخی بەردەوامبوونی توخێل، هیچکاتێک هێندەی ئێستا لەبەردەم مەترسیدا نەبووە.
 
ماڵە ئارامەکە شێواوە
 
شکستەکەی بۆخوم، تەنیا شکستێکی ئاسایی نەبوو. پەردەی لەسەر ئەو ناکۆکییە قووڵانە هەڵدایەوە کە لە یانەکەدا هەیە، دووپاتیکردەوە ئەوەی لەسەر یاریگە روودەدات، بەشی زۆری پەیوەندی بە ناکۆکی و ناتەبایی نێو ژووری جلگۆڕینەوە هەیە.
 
پێشتر تۆخێل چەندین یاریزانی یانەکە، لە نێویاندا تۆماس مولەری ئەستێرەی قاڵی خستبووە سەر کورسی یەدەگ، ئەمڕۆژانە دەنگۆ زۆرن لەسەر بوونی ناکۆکی لە نێوان ئەو راهێنەرە و ماتیاس دیلێختی بەرگریکەری تیپەکەدا. پێشتریش ناڕەزایەتی تۆخێل لە ئاستی کیمیچی ناوەڕاستکار لە میدیاکاندا باسدەکرا، بەڵام یارییەکەی بۆخوم، ژێربەڕەی خستە سەربەڕە.
 
لە یارییەکەی بۆخومدا، جۆشوا کیمیچ، ناوەڕاستکاری یانەکە لەگەڵ زۆلت لۆف، یاریدەدەری راهێنەری تیپەکەدا بووە دەمەقاڵەیان.
 
سەرچاوەکان گوتیان، کیمیچ ناڕەزایەتی لە دانیشاندنی لە یارییەکەدا دەربڕیوە، لە رێڕەوی گەڕانەوە بۆ ژووری جلگۆڕین، لەگەڵ یاریدەدەرەکەی تۆخێلدا بووەتە دەمەقاڵەی.
 
بەپێی سەرچاوەکان، کیمیچ و لۆف قسەی تووندیان بەیەکگوتووە، بەتایبەت کیمیچ زۆر تووڕەبووە بەهۆی دانیشاندنییەوە.
 
بەرپرسانی بایرن، نەیانتوانی نکووڵی لەروودانی دەمەقاڵەکە بکەن. کریستیان دریسین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بایرن میونشن گوتی، "جۆشوا هەموو شتێک پێشکێشدەکات، دەیەوێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، تێگەیشتنمان بۆ ئەو دۆخە هەیە کە ئەو ئێستا تێیدایە".
 
تۆماس تۆخێل، ناچاربوو کۆمێنتی لەسەر رووداوەکە هەبێت، ئەو گوتی، "دەزانم چی روودەدات، بەڵام ئێمە ئەوە بۆ رای گشتی باس ناکەین، ئەمجۆرە رووداوانە پەیوەندییان بەژووری جلگۆڕینەوە هەیە و بابەتی سۆزاوین، ئەمە رووداوێکی ئاساییە کاتێک تیپەکە دەدۆڕێت".
 
ئەمە بایرن نییە
 
شکستەکە زۆر کەسی لە یانەکەدا هێنایە قسە. هەمووان کاردانەوە و نیگەرانیی و پەرچەکرداریان هەبوو. لیۆن گۆرێسکا دۆخەکەی بە فیلمێکی ترسناک ناوبرد، ئەو بەگاڵتەوە باسی ئەوەیکرد کە تیپەکە چۆن دەتوانێت هەڵبستێتەوە.
 
ئەو یاریزانە لە دوای شکستەکە گوتی، "دۆخەکە لە فیلمێکی ترسناک دەچێت کە راوەستانی نییە، هەموو شت ئێستا لە دژمانە
دەتوانین هەڵبستینەوە و بڵێین ئێمە سەرەتامان بەرامبەر بۆخوم باشبوو، بەڵام ئەم قسەیە گێلانەیە"
 
گۆرێسکا، نازانێ بۆچی تیپەکە وایە، بەڵام دڵنیایە لەوەی بابەتەکە پەیوەندی بە هەڵەی تاکەکەسییەوە هەیە، "ناتوانم بزانم بۆچی واین، ئیشەکە پەیوەندی بەهەڵەی تاکەکەسییەوە هەیە، لە هەفتەکانی رابردوودا هەڵەی تاکەکەسیی زۆرمانکرد".
 
مانوێل نۆیەر، ماوەیەکی کەمە گەڕاوەتەوە پێکهاتەکەی بایرن میونشن، دەگوترێ ئەو پڕیشکی یەکەمی ناکۆکیی بوو لە بایرن میونشن، کاتێک بڕیاریدا یولیان نایگێلسمان لە مەشقدانی تیپەکە دووربخاتەوە، چونکە نۆیەر دوور لە ئاگاداریی راهێنەری ئەوکاتی تیپەکە، گەشتی کردبوو و بەهۆیەوە قاچی شکا.
 
نۆیەر رەتیدەکاتەوە ئەژمارکردنی لێدانی سزا لە دژی تیپەکە، بیانوویەکی رەوابێت بۆ شکستەکە. ئەو گوتی "کۆنترۆڵی یارییەکەمان کرد و خستماننە ژێر گوشاری زۆرەوە، بەڵام دواتر ریتمی خۆمان لەدەستدا. لێدانی سزا لەدژمان بیانوو نییە و دەکرێ هەموو یارییەک لێدانێکی سزا لە دژت ئەژمار بکرێت".
 
نۆیەر کە ساڵانێکی زۆرە بەرگری لە گۆڵەکەی بایرن دەکات، پێدەچێ دۆخی لەو شێوەیەی نەبینیبێت، هەر بۆیە دەڵێ "کاتێک بۆخوم سێ گۆڵمان لێدەکات، وێنە جوانەکەمان لەبەرچاوی هەمووان تێکدەشکێت، ئەوە ئیدی بایرن میونشن نییە".
 
تاوەکو ئێستا ئەوەی لەباڤاریا هەیە، هەڵچوونی تەواوی شەپۆلی ناڕەزایەتییە لە دژی توخێل، بەڵام شەپۆلەکان، چارەنووسی تیپەکە و راهێنەرەکەی بەرەو کوێ دەبەن، ئەوەیان تاوەکو ئێستا لە ئاسۆدا، روون نییە.