ئەنچێلۆتی ستایشی ڤینیسیۆس دەکات و رەخنە لە هاندەرانی ئۆساسۆنا دەگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر ئاستی یانەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا پێشاندا و دەڵێت " ئەوەی هاندەرانی ئەو یانەیە کردیان بێ رێزی بوو ."
 
ئەنچێلۆتی لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی " ئەوەی لە کۆتایی نیوەی یەکەمدا لەگەڵ ناوبژیوان روویدا، لێکتێنەگەیشتنێکی ئاسایی بوو، بەڵام بەگشتی ناوبژیوان زۆر زۆر باشبوو."
 
کارلۆ ستایشی ئاستی ڤینیسیۆس دەکات، سەرەڕای ئەو هەموو رەخنانەی لە یاریزانەکە دەگیرێن و دەڵێت " ڤینیسیۆس یاریزانێکە جیاوازی دروستدەکات، یارییەکی زۆر باشی کرد و ئەو یاریزانێکی نایابە، ئەوەی لە نیوەی دووەمدا کردمان دەمانتوانی لە نیوەی یەکەم بکەین، بەڵام گرنگ ئەوەیە بیرکردنەوەی خۆمان لەدەست نەدا و ئاراممان گرت، بەشێوەیەکی زۆرباش یارییمانکرد، هەندێک ئازارمان چەشت، بەڵام زۆر رازیین لە ئاستی خۆمان."
 
لەبارەی یاریی داهاتوویا لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، راهێنەرە ئیتاڵییەکە گوتی " بەشێوەیەکی زۆرباش دەچین بۆ رووبەڕووبوونەوەی لیڤەرپوول، یاریزانەکان چاکدەبنەوە و متمانەی زۆرمان بە خۆمان هەیە، کارڤاخال لە یاریی ئانفێڵد بەسەرەکی یارییدەکات."
 
لەبارەی ئەو مامەڵەیەی هاندەرانی یانەی ئۆساسۆنا بەر لە یارییەکە و لە کاتی وەستانی یاریزانان بۆ رێزگرتن لە قوربانییانی بوومەلەرزە کردیان، راهێنەری ریال مەدرید دەڵێت " بێ گوێدانە ئەوەی لە کاتی خولەکی بێدەنگیدا روویدا، ڤینیسیۆس کاری زۆرباشی کرد، بەڵام ئەوەی روویدا بێ رێزی بوو بە تورکیا و سوریا، نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە هاندەرێک بە دەنگی بەرزەوە سووکایەتیی بە ڤینیسیۆس کرد."
 
ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی ئۆساسۆنای بردەوە، بەر لەوەی بچێتە ئانفێڵد و لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر لیڤەرپوول یاری بکات.