بارسێلۆنا دەیەوێت هاوشێوەکەی " رۆناڵدۆی دیاردە " بباتە ریزەکانی

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بیر لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی لاوی خولی بەرازیل دەکاتەوە کە بە هاوشێوەی رۆناڵدۆی دیاردە ناوبانگی دەرکردووە.
 
میدیای ئیسپانیا و سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێن، کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت هێرشبەرێکی گونجاو بۆ یارمەتیدانی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بگوازێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی پیێر ئۆبامیانگ و مێمفێس دێبای رۆیشتن و داهاتووی ئانسو فاتیش لەگەڵ یانەکە دیارنییە.
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ دەڵێت " بارسێلۆنا هەنگاوەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەری لاوی بەرازیلی و یانەی ئاتلێتیکۆ پاراناینسی ڤیتۆر رۆکی دەستپێکردووە."
 
رۆکی تەمەنی تەنیا 17 ساڵە، توانایەکی زۆری هەیە و تایبەتمەندیی هێرشبەرێکی بەتوانای تێدایە، ئەمەش سەرنجی بەهرە دۆزەرەوەکانی بارسێلۆنای راکێشاوە و ئێستا چاودێری یاریزانەکە دەکەن.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، یانەکانی ئینتەرمیلان، پاریس سانجێرمان و پاریس سانجێرمان رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن، بەڵام بارسێلۆنا لە رکابەرییەکەدا لە پێش هەمووانەوەیە.
 
وەک ئەوەی موندۆ بڵاویکردووەتەوە، یاریزانەکە ویستی یارییکردنی بۆ یانەی بارسێلۆنا هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی بارسا لە گواستنەوەی یاریزانەکەدا سەرکەوتوو بێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێت " یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ یانە بەرازیلییەکە رێککەوتووە، بۆ ئەوەی شاندێکی یانەکە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی پاراناینسی بچێتە بەرازیل، بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەبارەی پرۆژە وەرزشییەکەی بارسێلۆنا بۆ یانەکە و ماڵباتی رۆکی بدەن."
 
ئاتلێتیکۆ پاراناینسی بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە داوای 35 بۆ 40 ملیۆن یۆرۆ دەکات، بارسێلۆناش بەر لە گرێبەستکردنە دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی دارایی یانەکەی بکات، بەتایبەت لە پرسی یاسای یاریی خاوێن.
 
ڤیتۆر رۆکی بە تیگرینیۆ بەنێوبانگە و لە بەرازیل بە هاوشێوەی رۆناڵدۆی دیاردە و لویس سوارێز دەناسرێت.