دێربیی مانچێستەر بۆ بردنەوەی رکابەرەکەی لیڤاندۆڤێسکی

19-02-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مانچێستەر یونایتد مانچێستەر سیتی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، رکابەری لەسەر ئەستێرەیەکی یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی دەکەن، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا ببەنە ریزەکانیان.

میدیای ئەڵمانیا و بەریتانیا بڵاویانکردەوە، هەردوو یانە ئینگلیزییەکە کار بۆ گواستنەوەی ئاندرێ سیلڤا، هێرشبەری پۆرتوگالی و یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت دەکەن، دوای ئەو ئاستە بەرزەی کە لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکە لە خولی ئەڵمانیا پێشکێشیکردووە.

ئاندرێ سیلڤای 25 ساڵ، ئەم وەرزە لە خولی ئەڵمانیادا 18 گۆڵی تۆمارکردووە و لە دوای لیڤاندۆڤێسکی دووەم گۆڵکاری خولەکەیە، ئەم ئاستە بەرزەشی بووەتە هۆکاری ئەوەی یانە گەورەکانی چاودێری ئەو یاریزانە بکەن.

مانچێستەر سیتی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هێڵی هێرشبەر و چارەسەرکردنی کێشەی کەمی تۆمارکردنی گۆڵ، ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.

جگە لەو دوو یانەیە ئینگلیزییە، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانیش بەهەمان شێوە لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانەی پێشووی یانەی میلانی ئیتالی واژۆبکات.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان نرخی یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 30 ملیۆن یۆرۆ و چاوەڕواندەکرێت ئاندرێ سیلڤا، لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی یانە گەورەکان بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە