ریال مەدرید بەبێ چەند ئەستێرەیەک خۆی بۆ یارییەکەی ڤایادۆلید ئامادەدەکات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بەبێ چەند یاریزانێکی لەسەر مەشقەکانی بۆ یارییەکەی رۆژی شەممە بەرامبەر ڤایادۆلید بەردەوامە و دوایین راهێنانەکانی ئەنجامدا.

لە مەشقەکانی ئەمڕۆ بەیانیدام یاریزانەکانی یانەی ریال مەدرید لەژێر رێنمایی تەندروستی و رێکارەکانی خۆ پارێزی چوونە کۆمەڵگەی ڤالدیبێباس و دوایین راهێنانەکانیان بۆ یارییەکەی سبەی شەو لە رکابەرییەکانی گەڕی 24ـی لالیگا ئەنجامدا.

تیپەکەی زیدان مەشقیان بە تۆپکرد و راهێنانی توانای جەستەییشیان ئەنجامدا، دوای ئەوە لەسەر چەند لایەنێکی تەکنینکی راهێنانیان کرد، ئەوانیش کۆنتڕۆڵی تۆپ و دەرچوونی بەبێ تۆپ بوو، لە راهێنانەکاندا بەهۆی پێکانەوە هەریەکە لە ئیدین هازارد، رۆدریگۆ گوس، فێدریکۆ ڤالڤێردی، ئەلڤارۆ ئۆدریۆزۆلا و میلیتاو بەشدارییان نەکرد، سێرخیۆ رامۆس و دانی کارڤاخالیش لە هۆڵی وەرزشی بەتەنیا راهێنانیان ئەنجامدا.

شەوی شەممە کاژێر 23:00 یانەی ریال مەدرید بەرامبەر ڤایادۆلید یارییدەکاتم دوای ئەو یارییە یانەکە دەچێتە ئیتالیا بۆ یارییکردن لە بەرامبەر یانەی ئاتالانتا لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.