گواردیۆلا: ئارسن ڤینگەر رێزی هەیە


رووداو - هەولێر

پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی رێزی خۆی بۆ ئارسن ڤینگەری راهێنەری یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی دووپاتكردەوە، بەر لە رووبەڕووبوونەوەی ئەمڕۆ هەردوو یانە لە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە تۆپی پێ.

ئەمشەو هەردوو یانەی ئارسیناڵ و بایرن میونشن لە یاریگەی ئیماراتس لە لەندەن لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگ یاریی دەكەن و ئارسیناڵ لە 13 یاریی رابردوودا لەسەر یاریگەی خۆی، هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە.

 گواردیۆلا راهێنەری بایرن میونشن لە پرێس كۆنفڕانسێكدا گوتی: "تێڕوانینی من دەربارەی ئارسن ڤینگەر تەنیا ئەوەیە، كە رێزێكی بێ پایانم بۆی هەیە، تیپەكەی ئەو كار بە كوالێتی ڤینگەر دەكات و پێویستە رێز لە كوالێتی و ئاستی یانەی بەرامبەر بگرین.

هەروەها گوتی: "ئێمە رووبەڕووی یانەیەك دەبینەوە، كە بەدرێژایی ئەم وەرزە لەپلەكانی پێشەوەدا بووە و ئێستاش هەر لە پلەی یەكەم نزیكە و لە چەند ساڵی رابردووشدا بەردەوام ئەنجامی باشی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا هەبووە".