ناپۆلی بۆ یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیتاڵیا چاوەڕێی براوەی ئینتەر ولازیۆ دەکات

19-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئینتەرمیلان لازیۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای ئەوەی یانەی  ناپۆلی بە بردنەوە لە فیۆرێنتینا بە ئەنجامی 3-0 خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیتاڵیا، ئەمشەو ئینتەرمیلان لەسەر یاریگەی ئەول پارک و لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی لازیۆ دەبێتەوە.
 
شانشینی سعودیە میوانداری جامی سوپەری ئیتاڵیا دەکات، کە لە 18ـی ئەم مانگە دەستیپێکردووە و لە 22ـی هەمان مانگ کۆتایی دێت و هەرچوار یانەکانی ناپۆلی، ئینتەرمیلان، فیۆرێنتینا و لازیۆ بەشداریان تێداکردووە.
 
ناپۆلی وەک پاڵەوانی خولی ئیتاڵیا بەشداری لە جامی سوپەری ئیتاڵیادا دەکات، لازیۆش وەک دووەم.
 
ئینتەرمیلان هەوڵدەدات سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بگاتە یاریی کۆتایی، چونکە تیپی راهێنەر سیمۆنی ئینزاگی ئاواتەخوازە لەم وەرزەدا بەردەوام بێت لە سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی، کە نێرازۆری بە کۆکردنەوەی 51 خاڵ پلەی یەکەمی ریزبەندیی خولی ئیتاڵیای گرتووە.
 
لەکاتێکدا لازیۆ بە کۆکردنەوەی 33 خاڵ لە پلەی شەشەمی خولی ئیتاڵیادایە. فیۆرێنتینا کە ماڵئاوایی لە جامی سوپەر کرد، لە پلەی چوارەمدایە.
 
رۆژی 22ـی ئەم مانگە، براوەی یاریی نێوان ئینتەرمیلان و لازیۆ لە یاریی کۆتایی جامی سوپاری ئیتاڵیا، لەسەر یاریگای ئەول پارک رووبەڕووی ناپۆلی دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە