ئێرانیش بلیتێکی قۆناخی 16ـی دەوێت

19-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئێران جامی ئاسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەی ئێران دەیەوێت ئەمشەو بەشێوەیەکی پێشوەختە بلیتی گەیشتن بە قۆناخی شانزدەی جامی ئاسیا بەدەستبهێنێت، کاتێک رووبەڕووی هۆنگ کۆنگ دەبێتەوە لە دووەم یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکان.
 
ئێران لە یەکەم یارییدا لە کۆمەڵەی سێیەمدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە فەلەستینی بردەوە، هاوکات هۆنگ کۆنگ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە ئیمارات دۆڕا. ئێران لە پلەی یەکەم و هۆنگ کۆنگ لە پلەی سێیەمدایە.
 
ئەگەرچی ئەمیر قەلعەی راهێنەری ئێران پێیوایە هۆنگ کۆنگ هەڵبژاردەیەکی باشە و رووبەڕووبوونەوەیەیک زەحمەت دەبێت، بەڵام ئامارەکان شتێکی دیکە دەڵێن، کە ئێرانییەکان لە دوایین 6 یارییدا بەرامبەر هۆنگ کۆنگ هەر شەش یارییان بردووەتەوە. دوایین یاریی لە مانگی یانزدەی 2023 ئەنجامدراوە و بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر ئێرانییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا تاکە یاریی نێوان ئەو دوو تیپە لە جامی ئاسیادا لە ساڵی 1968 بووە و ئەوکاتیش ئێران بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
هۆنگ کۆنگ، ئەگەرچی بە سەرکردایەتی جۆرن ئاندرسنی راهێنەری نەرویجی، تا راددەیەک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام هێشتا ئەو تیپە نییە کە بە ئامانج و ئاواتێکی گەورەوە بەشداری لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکەدا بکات. 
 
رکابەرانی ئەمشەوی ئێران، کە 56 ساڵە بەشدارییان لەم پاڵەوانێتییەدا نەکردووە، گەیشتنیان بەم پاڵەوانێتییە بۆ خۆی دەستکەوتێکە و تەنانەت ئەگەر لە قۆناخی کۆمەڵەکانیشدا دەربکرێن ئەوان هەر شانازی بەو دەستکەوتەوە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەوان خۆیان بەدەستەوە دەدەن، بەڵكو هەموو هەوڵێکیان دەدەن بۆ ئەوەی بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی گەورەی وەک ئێران بە ئەنجامێکی باش لە یاریگە بچنە دەرەوە.
 
ئێران کە ئێستا بە یەکێک لە باشترین هەڵبژاردەکانی کیشوەرەکە دادەنرێت، بە بوونی چەند ئەستێرەیەکی وەک تاریمی، سەردار ئازمۆن و بەیرانوەندی گۆڵپارێزی کورد، بەربژێرێکی سەرەکی نازناوەکەیە، بۆیە پێناچێت ئەمشەو ئەرکێکی زەحمەتی هەبێت، کاتێک رووبەڕووی هۆنگ کۆنگی خاوەن مێژوویەکی زۆر هەژار لە جامی ئاسیا دەبێتەوە، کە تاوەکو ئێستا 11 یاری لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامداوە و هیچ سەرکەوتنێکی نەبووە، هەشت جار دۆڕاوە و سێ جاریش یەکسانبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).