لێدوانی راهێنەرانی مان سیتی و تۆتێنهام لەبارەی یاریی لووتکەی نێوانیان

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی مانچێستەر سیتی لە یارییەکی دواخراوی گەڕی 7ـی پرێمەرلیگدا میوانداری یانەی تۆتێنهام دەکات. 
 
راهێنەرانی هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە ئەمە پوختەی لێدوانەکانیانە: 
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی:
 
کۆنتی توانای ئەوەی هەیە کێشە بۆ هەمووان دروست بکات نەک تەنیا من، زۆر لێی بردوومەتەوە، هەمیشە، بۆیە رێز لە راهێنەری راستەقینە دەگرم، کاتێک باوەڕی بە پرەنسیپەکانی هەیە، گرنگ نییە چی روودەدات. ئەو فەلسەفەیەکی سەرسوڕهێنەری هەیە، لە هەموو شوێنێک سەرکەوتوو بووە، سیێنا، یوڤێنتوس و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و چێڵسی، پێموایە هۆکاری ئەوەش لەبەرئەوەیە کە راهێنەرێکی باشە.
 
بۆ ئەوەی ئێرلینگ هالاند گۆڵ تۆماربکات، دەبێت باشتر یاری بکەین، من شێوازی یاریکردنمان و پرەنسیپەکانمان وەک جاران دەسەپێنم، شێوازی یاریکردنمان لە دوو یاری پێشوودا یارمەتی ئێرلینگی نەدا بۆ تۆمارکردنی گۆڵ، ئەوە ئاساییە، ئێمە یاریزانەکانمان زۆریان لە دەرەوەی ناوچەی سزان و کەمیان لە ناوەوەن.
 
قسەمان لەسەر ئەوە نییە کە بەرامبەر یونایتد چی روویدا. باسی ئەوە دەکەین کە لە گەڵ تۆتێنهام چی روودەدات، هەمیشە یارییەکانمان بەرامبەر ئەوان قورسن بۆ ئێمە، ئەمە بۆ کوالیتی تیپەکەیان دەگەڕێتەوە، لە هەموو ساڵەکان بە ئەمساڵیشەوە.
 
ئەنتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری تۆتێنهام:
 
تەنیا شتێک کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ئێمە رۆژانە زۆر کار بۆ ئەم یانەیە دەکەین و ئەگەر رەخنە هەبێت دەبێت قبوڵ بکەین، سەختە تێبگەین رەخنەکان چییە، چونکە پێموایە ئەوەی کە دەبێت بیکەین لە چوارچێوەی تواناکانماندا دەیکەین، بەڵام ئێمە دەبێت هەموو شتێک قبوڵ بکەین، وەڵامی منیش یەکە و ناگۆڕێت، من و هەموو یاریزانانی تیپەکەم هەموو هەوڵێک دەدەین لەپێناو یانەکە و هاندەرانی.
 
ئێمە هەموو کاتێک هەوڵ دەدەین ئاستمان زۆر بەرز بکەینەوە، بەڵام ئەگەر پرسەکە تەنیا پەیوەندی بە بیرکردنەوەی یاریزانەکانەوە بێت، پێموایە دەتوانین ئەم دۆخە چارەسەر بکەین، چونکە عەقڵیەتی یاریزانانی ئەم تیپە زۆر بەهێزە. 
 
یاری ساڵی رابردووم لەبیرە کە لە یاریگای ئیتیحاد سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، بۆ ئەوەی لە مانچێستەر سیتی ببەیتەوە، دەبێت هەوڵبدەیت بەبێ ئەوەی هەڵە بکەیت، بەدڵنیاییەوە هەمووان دەزانن یاریکردن بەرامبەر مان سیتی چۆنە، ئەم تیپە لەسەدا حەفتا یان حەفتا و پێنجی کاتی یارییەکە کۆنترۆلی تۆپ دەکات. دواتر تەنیا 25% یان 30%ـی یارییەکە تۆپت بەدەستەوەیە، لەو ماوەیەدا دەبێت ئاستێکی باش پێشکێش بکەی، هەل دروست بکەی، گۆڵ تۆمار بکەی، کاتێک بەرامبەر باشترین تیپی جیهان یاری دەکەیت، پێموایە قورسە.