حوسێن سەعید بۆ رووداو: دایکم کوردە و لە عودەی سەدام حوسێن نەترسام

19-01-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
حوسێن سەعید، ئەستێرەی پێشووی عێراق
حوسێن سەعید، ئەستێرەی پێشووی عێراق
نیشانەکردن حوسێن سەعید ئەستێرەی پێشووی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حوسێن سەعید، ئەستێرە و سەرۆکی پێشووی تۆپی پێی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا دەڵێت " دایکم کوردە و بە قسەی عودەی سەدام حوسێنم نەکردووە، پرسی میوانداریکردنی جامی کەنداویش لە عێراق لە ساڵی 2008ـەوە هەیە، بەڵام یاریگەی باش و رێکاری پێویست بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە نەبوو."
 
ئەستێرە بەنێوبانگەکەی تۆپی پێی عێراق لە هەڤپەیڤینەکەدا وەڵامی چەندین پرسیاری جیاواز لەبارەی ژیانی تایبەتی خۆی و سەردەمی یارییکردنی وەک یاریزان و کارکردنی وەک سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەداتەوە.
 
رووداو: خۆشحاڵین کە گفتوگۆ لەگەڵ ئەفسانەیەکی تۆپی پێی عێراق دەکەین، کاپتن بەخێربێیت بۆ رووداو.
 
حوسێن سەعید: سوپاس بۆ جەنابتان و خۆشحاڵم کە لێرەم لە ستۆدیۆی رووداو کە جەماوەرێکی زۆری هەیە و خۆشحاڵم بەوەی کە لەم چاوپێکەوتنەدا بەشدارم کە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی جامی کەنداوی 25.
 
رووداو: با باسی جامی کەنداو 25 بکەین، تۆ رۆڵت هەبوو میوانداریکردنی جامی کەنداو لە عێراق؟
 
حوسێن سەعید: بەدڵنیاییەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رابردوو بۆ ساڵی 2008 و دوای ئەوەی کە عێراق نازناوی جامی ئاسیای بردەوە لە کاتێکدا من سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بووم، ئەوکات خەڵک هەمووی لە چواردەوری تۆپی پێ کۆبوونەوە و گەلی یەکخست، ئەوکات پارێزگاری بەسرە، خوالێخۆشبوو محەمەد سەباح ئەلوائیلی سەردانیکردم و وتی بەسرە زۆر لاوازە لە خزمەتگوزارییەکان و چەرمەسەری زۆری بینیوە، بەهۆی ئابڵووقە و جەنگەوە، بۆیە دەکرێ چیبکەین بۆ ئەوەی خزمەتێکی ئەم شارە بکەین؟ بۆیە ئەوکات بیرمان لە میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکی جامی کەنداو کردەوە، بەتایبەت کە ئەوکات عێراق لە دوای 2004 گەڕایەوە بۆ پاڵەوانێتییەکانی جامی کەنداو، بۆیە بڕیارماندا هەوڵ بۆ میوانداریکردنی جامی کەنداو بکەین. ئەوکات ئەو داوای لە من کرد و گوتی دەبێ چیبکەین و پێویستییەکان بۆ ئەو کارە چییە؟ منیش وتم کە دەبێ یاریگەمان هەبێت و هوتێلی زۆر و فڕۆکەخانەمان هەیە کە گەشتی لێوەدەکرێت بۆ هەموو وڵاتانی کەنداو و هەروەها شوێنە گەشتیارییەکان و رێگە لە فڕۆکەخانەوە بۆ هوتێلەکان و یاریگەکان و زۆر پێداویستی دیکە کە دەبێ لەو شارەدا هەبن کە میوانداری پاڵەوانێتی لەو جۆرە دەکات و ئیدی بەو شێوەیە.. ئیدی ئەو پێشنیازەکەی ناردە ئەنجوومەنی وەزیران و رەزامەندی لەسەر وەرگرت و پاشان دۆسێی رێکخستنی پاڵەوانێتییەکەی هێنا و رەزامەندی لەسەر وەرگیرا و دواتر دۆسێیەکەمان لە ساڵی 2008 لە کۆبوونەوەی یەکێتی تۆپی پێی کەنداو خستە روو و ئەوکات خوالێخۆشبوو لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد عەباس، ئەمینداری یەکێتییەکە و بەڕێز لەیس، بەرێوەبەری نووسینگەکەی کۆبووەوە و بابەتەکەمان لەگەڵ یەکێتییەکانی ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی کەنداو باسکرد و هەندێک نارەزایەتییان هەبوو، بەڵام سووربوون و ئاڵنگاری و داواکاریمان، لە ئەنجامدا رەزامەندی درا بەوەی عێراق میوانداری جامی کەنداو بکات. بەڵام بەداخەوە دامەزراوەکان تەواونەبوون و کاتێکی زۆریان ویست تا ئامادەبوون و دواتریش عێراق گیرۆدەی ئابڵوقەی وەرزشیی سەر یاریگەکانی بووەوە و ئەوەبوو دواکەوت تاوەکو ئێستا کە دواتر دامەزراوەکان تەواوکران و دەوڵەتیش پشتگیری خۆی بۆ دروستکردنی یاریگەکە راگەیاند و یاریگەی بەسرەی نێودەولەتی و یاریگەی مینا تەواوکران و لیژنەی پشکنینی کەنداو بەردەوام سەردانی یاریگەکانیان دەکرد، هەروەها پارێزگاری بەسرەش هەوڵی زۆریدا لەو پێناوەدا و بەوەش ئەو دۆسێیەی پێشکێشمان کردبوو تەواو بوو و ئێستا ئیدی بابەتەکە بەرگێکی سیاسی پۆشیووە و بووەتە بڕیاری سیاسی، چونکە عێراق دەبێ بگەڕێتەوە بۆ لای براکانی و ئەوە بووە زیاتر لە چل ساڵ کە میوانداری پاڵەوانێتی لەو شێوەیەی نەکردووە و ئیدی بڕیاری ئەوە دەرچوو کە بەسرە میواندارییەکە بکات، ئەمەش لەبەرئەوەی بەسرە نزیکە لە وڵاتانی کەنداو و پێشتریش فیفا رەزامەندی دابوو لەسەرئەوەی کە یاری نێودەوڵەتی بکرێت و ئابڵوقەی سەر سێ شار هەڵبگیرێت کە بریتیبوون لە بەسرە، کەربەلا و هەولێر. ئیدی لەوکاتەوە ئەو سێ شارە زۆر چالاکییان لە خۆ گرت.
 
رووداو: ئاستی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداو 25 هاندەرانی دڵخۆشکردووە، رای تۆ چییە لەسەر هەڵبژاردەی عێراق؟
 
حوسێن سەعید: ئەوە ئەزموونێکی نوێیە و دەبێ هەڵبژاردەی عێراق هەلی پشتگیری هاندەران و بوونی لەسەر خاکی خۆی بقۆزێتەوە و ئەم دوو هۆکارە ماوەیەکی زۆر لەلایەن عیراقەوە سوودیان لێوەرنەگیرا و ئێستا هەلەکە رەخساوە بۆ سوود لێوەگرتنی.. بەڵام ئەگەر بە من بڵێی ئێستا کاتەکە گونجاوە بۆ رێکخستنی پالەوانێتییەکە، من دەڵێم نەخێرا چونکە دەکرا لە کاتێکی گونجاوتردا بووایە، چونکە کاتەکە لەو کاتانە نییە کە لە کارنامەی فیفادایە و بەوەش یاریزانی پیشەگەرمان هەیە کە لە یانە ئەوروپییەکان یاریدەکەن، بەڵام هەڵبژاردە نەیتوانی بانگهێشتیان بکات بۆ جامەکە. فیدراسیۆنی تۆپی پێ هەوڵیدا و یاریزانە پیشەگەرەکانی لە خولەکانی قەتەر و کوەیتەوە بانگهێشتکرد چونکە هەڵبژاردەکانیان لە پاڵەوانیتییەکەدا بەشدارە، بەڵام ئەو یاریزانانەی لە خولە ئەوروپییەکان یاریدەکەن داوای لێبوردنیان کرد لەوەی ناتووانن بەشداری بکەن، هاوشێوەی ئیقبال زیدان و زۆر یاریزانی دیکەش کە نەمانتوانی بانگهێشتیان بکەین، بەڵام ئەمە هەلێکە بۆ راهێنەر بۆ ئەوەی تێکەڵ بە برایانی کەنداو ببێت لەم پاڵەوانێتییە و ئەمە هەلێکی باشە بۆئەوەی هەڵبژاردەکەمان باشتر خۆی بۆ بەشدارییە کیشوەرییەکانی داهاتووی خۆی ئامادە بکات، بەڵام ئەوەی هاندەرانمان داوای دەکەن، دەبێ ئەوان ئەو دوو هۆکارەی جەماوەر و یاریگە بقۆزنەوە و خۆیان ببنە ئەسپی رەشی پاڵەوانێتییەکە.
 
رووداو: تۆ دایکت کوردە، دەمەوێت چیرۆکی یەکدی ناسینی دایکت و باوکتم بۆ بگێڕیەتەوە، دایکت لە کوێ ژیاوە، پەیوەندی تۆ بەکوردەوە چۆن بووە؟
 
حوسێن سەعید: بەدڵنیاییەوە من دایکم خەڵکی هەولێرە و لە هەولێر لەدایکبووە و ئێمە کاتێک منداڵبووین، هەموو پشووە هاوینییەکەمان لە هەولێر بەسەر دەبرد و کاتێک یاری تۆپی پێمان دەکرد لەگەڵ منداڵانی گەڕەک و ناوچەکانی هەولێردا یاریمان دەکرد و من کاتێک منداڵبووم، زۆر دەهاتینە هەولێر. بەڵام لە بەغداد دەژیان چونکە باوکم خەڵکی بەغداد بوو خوالێیخۆشبێت. تۆ دەزانی کە پێشتر هەولێر هەموو ئەوانەی دەیانخوێند و دەگەیشتنە زانکۆ دەهاتنە بەغدا و کاتێكیش دێنە بەغدا، لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەمێننەوە و بەوەش هاوسەرگیری و خزمایەتی دروست دەبێت. هەرلەبەرئەوەش من دایکم و خاڵەکانم خەڵکی هەولێر و پەیوەندی زۆرم لەگەڵیاندا هەیە و زۆر خزمی دایکم هەن ئێستاش هەر لە هەولێرن.
 
رووداو: دایکت خەڵکی چ گەڕەکێکی هەولێر بووە؟
 
حوسێن سەعید: ئەوان زۆرینەی کات لە قەڵا و چواردەوری قەڵات بوون، ئەوکات ئیدی ئەو ناوچەیە سەنتەری هەولێر بوو. من ئێستاش لەبیرمە رۆژانە بە قەڵادا هەڵدەگەڕاین و دواتر لەوێوە بەخلیسکانە دەهاتینە خوارەوە و لە چواردەوری قەڵا بازاڕ هەبوو و ئێمەش دەچووینە ئەو بازاڕە و لەوێ کەبابمان دەخوارد و لەو بازاڕە جوانەی ئەوکاتدا دەسووڕاینەوە. ئەمە مێژوویەکی جوانە بۆ من لەو کاتەدا.
 
رووداو: کەوایە تێکەڵاویت لەگەڵ کورد هەبووە، هیچ فێری کوردی بوویت؟
 
حوسێن سەعید: من لە کوردی تێدەگەم، بەڵام نازانم قسەی پێ بکەم، وە من ئەوەش لەبیر ناکەم کە دوای 2006 و پاشئەوەی ئەندامانی لیژنەی ئۆڵۆمپی رفێنران، من هاتم لە هەولێر ژیام و ئیدی یەکێتی تۆپی پێشمان هێنایە ئێرە و لێرە کۆدەبووینەوە.. هەولێر ماوەیەکی زۆر منی لە ئامێزگرتووە لە 2006 تاوەکو لە 2011 کە یەکێتی تۆپی پێم بەجێهێشت. من ئەوکات جێگری سەرۆکی لیژنەی ئۆڵمپی و سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ بووم و ماوەیەکی زۆر لێرە ژیام و هاوڕێ و برادەری زۆرم هەن لێرە.. وە ئەوکات پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گەورەبوو بۆمان و ئەوکات شاندەکانی یەکیتی تۆپی پێی ئاسیا و یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتیش دەهاتن لە هەولێر سەردانیان دەکردین و هاتن ژیانی ئێرەیان بینی، هەر بۆیە یارییەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانیمان لە یاریگەی هەولێر ئەنجامدا و ئەوکات یاریگەکە هەندێک کەموکورتی هەبوو و بەڕێز پارێزگاری ئەوکات، کاک نەوزاد کەموکوڕییەکانی یاریگەکەی پڕکردەوە و دواتریش هەڵبژاردەکەمان و زۆر یانەشمان لێرە یارییان کرد.
 
رووداو: ساڵی 1986 رۆڵت هەبوو لە گەیشتی عێراق بە مۆندیال، ساڵی 2007 سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بوویت، عێراق بۆ یەکەمجار جامی ئاسیای بردەوە، شانازی بەکامیانەوە دەکەیت؟
 
حوسێن سەعید: بەدڵنیاییەوە هەریەکەیان تاموچێژی تایبەتی خۆی هەیە. ئەوکاتەی لە هەڵبژاردەی عێراق یاریمدەکرد، بەڕاستی ئەوە نەوەیەکی نایاب بوون، سەردەمێکی جوان بوو، نەک تەنیا لە ماوەی بەشداریکردن لە جامی جیهانی، بەڵکو ئێمە کۆنترۆڵی سێ جامی کەنداومان کرد و جامی عەرەبمان برد. هەروەها بەشداریمان لە کۆتاییەکانی ئۆڵمپیادی مۆسکۆی 1980 کرد و ئۆڵمپیادی 1984 لە لۆس ئەنجلۆس بەشداریمان کرد و دواتر ئۆڵمپیادی 1988 و جامی جیهانی 1986 و خولی ئاسیامان لە 1982 لە هند بردەوە و ئەو نەوەیە پاڵەوانێتی زۆری بردەوە، بەڵام وەکئەوەی جەنابیشت گوتت، باشترینیان جامی جیهانی بوو و تائێستاش وەک دەستکەوت ماوەتەوە و سوپاس بۆ خوا من گۆڵکەری پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی بووم و دواتر سەرکەوتین بۆ جامی جیهانی و بەشداریم لە جامی جیهانیدا کرد. هەروەها دواتر دەستکەوتەکانمان وەکئەوەی تۆش باستکرد تەواوکرد پاش ساڵی 2003 سەرۆکایەتی یەکێتی تۆپی پێم وەرگرت و هەندێک دەستکەوتمان بەدەستهێنا وەک بەشداریکردن لە ئۆڵمپیادی ئەسینا و بەدەستهێنانی پلەی چوارەم لە 2004 و هەروەها پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا لە 2005 و دواتر میدالیای زیوی خولی ئاسیای 2006 و جامی ئاسیا لە 2007، بۆیە پێموایە ئەم دوو دەستکەوتە باشترینن، هەرلەبەرئەوەش لە یەکێتی تۆپی پێ تۆماری شانازی هەیە کە تێیدا نووسراوە ناوی من هەیە لە لیستی شانازی بەبەشداریکردن لە جامی جیهانی وەک یاریزان و لیستی دەستکەوتی جامی ئاسیا وەک سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا.
 
رووداو: ئەو شتەی زۆر شانازی پێوەدەکەیت لە ژیانی وەرزشیتدا چییە؟
 
حوسێن سەعید: من شانازیئ بەوەوە دەکەم کە یاریزانی سەدەم، کە یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی و یەکێتی تۆپی پێ ئاسیا دەستنیشانیانکردم وەک یاریزانی سەدە بەیاوەریی ئەحمەد رازی خوا لێی خۆشبێت، کە لە عێراقدا بە یاریزانی سەدە دەستنیشانکراین.. ئێستاش پیموایە لە جامی کەنداودا وەک خاوەن ژمارەی پێوانەیی یادم دەکەنەوە کە گۆڵکاری سێ خولی جامی کەنداوبووم پێنجەم بە دە گۆڵ و شەشەم بە پێنج گۆڵ و حەوتەم بە حەوت گۆڵ و هەروەها باشترین یاریزانی پاڵەوانێتی حەوتەم بووم.. بەڵام لە شەشەمدا ئێمە بڕیارێکی سیاسیمان بۆ دەرکرا و لە جامەکە کشاینەوە و پاڵەوانێتییەکەمان کردە دیاری بۆ کوەیت و بەوەش گۆڵەکانی من لەو پاڵەوانێتییە سڕدرانەوە، ئەگەرنا ژمارەی گۆڵەکانی من لە جامی کەنداو دەبوونە 22 گۆڵ، بەڵام ئیستا 17 گۆڵم هەیە.
 
 با ئەوەش زیادبکەم کە من تاوەکو ئێستاش ناوم لە لیستی دە یەکەمی ئەو یاریزانانەدایە کە زۆرترین گۆڵیان لە مێژوودا بۆ هەڵبژاردەکانیان تۆمارکردووە و من 131 یاریم بۆ هەڵبژاردە ئەنجامداوە کە ژمارەیەکی پێوانەیی و گەورەیە و زۆرترینم هەبوو لە هەڵبژاردەکەمدا و تاوەکو ئێستاش ناوم لەولیستەدا دێت کە رۆناڵدۆ و پێلێ و مێسی و پۆشکاش و عەلی دائی تێدایە و ئەمە شانازییە بۆ تۆپی پێی عێراق و تاریزانە عیراقییەکان..
 
رووداو: لەسەردەمێکدا تۆ یاری تۆپی پێت کردووە عودەی سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق بوو، کەی بەرکەوتنت هەبوو لەگەڵ عودەی، فشاری دەخستە سەر هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق و یاریزانەکانی؟
 
حوسێن سەعید: ئێمە پێش هاتنی عودەی بۆ یەکێتی تۆپی پێ یاریمان دەکرد، من لە 76ەوە یاریزانی هەڵبژاردەی عیراق بووم و لە ساڵی 85دا یانەی رەشیدی دروستکرد و هەموو یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی لە یانەی رەشید کۆکردەوە، من تەنیا یاریزانی هەڵبژاردەبووم لەگەڵ هەندێک یاریزانی دیکە وەک عەلی حوسێن کە نەچووینە یانەی رەشید و بەوەش ئێمە بووینە ئۆپۆزیسیۆنی یانەی رەشید و ماوەیەکی زۆر من بەرگەمگرت و نەچوومە یانەی رەشید و لە تەڵەبە مامەوە.. مەبەستی ئەو لەو کارە ئەوەبوو کە چەند جارێک ناردی بەشوێنمدا و داوای لێکردم بچمە یانەی رەشید و بۆ ئەو یانەیە یاری بکەم و گوتی ئەو بڕیارە بڕیارێکی هونەرییە و من دەمەوێ هەموو هەڵبژاردەی نیشتمانی لە یانەی رەشید بن و بیرۆکەی یانەی ئەیاکس ئەمستردام و هەڵبژاردەی هۆڵەندا بەرجەستە بکەین. هەڵبژاردەی هۆڵەندا دووجار گەیشتنە یاری کۆتایی مۆندیال بە هەڵبژاردەیەک کە یاریزانەکانی هەموویان لە یەک تیپ بوون لە ئەیاکس بوو، ئەمە بیرۆکە و ئەزموونەکە بوو.. من داواکەیم رەتکردەوە، گوتم چونکە من لە یانەی تەڵەبە گەورەبووم و لە منداڵییەوە لەوێم و جەماوەرەکەمان جەماوەری یانەکەیە و ئێمە چەندین هاوڕێین پێکەوە کە مەهدی عەبدولساحب و ئومێد خزر، جەمال عەلی و نزار ئەشرەف، ئەوانە یەک گرووپ بوون و وەک یەک خێران وابووین، لەبەرئەوە من بیرۆکەکەم رەتکردەوە و گوتم کۆکردنەوەی هەموو هەڵبژاردە لە یەک یانەدا، کاریگەریی لەسەر خول دەبێت و رکابەریی خولی ناوخۆ دەکوژێت.. لەبەرئەوە ئێمە وەک یانەی تەڵەبە تاکە رکابەری یانەی رەشید بووین و ئەوکات ئێمە دوو نازناوی خولمان بردەوە لە کاتێکدا رەشید راهێنەری بەرازیلی و پزیشک بەرازیلی، چارەسەرکار و کارگێڕییەکان هەمووی بەرازیلی بوون و یاریگەیان هەبوو و پاداشتیان وەردەگرت. بەڵام من هەر لە یانەکەم مامەوە وەک وەفایەک بۆ هاندەرانی یانەی تەڵەبە.
 
رووداو: عودەی هیچ گوشارێکی لێ نەکردیت، توڕەنەبوو کە گوتت نایەمە یانەی رەشید؟
 
حوسێن سەعید: هەندێک گوشاریان لێکردم، بۆ نموونە نیشانەی کاپتنیی هەڵبژاردەی عێراقیان لێوەگرتمەوە بۆ ماوەیەک، چونکە ئەوکات من کاپتن بووم، بەڵام ئەو شتانە هیچ کاریگەریی لەسەر ئاستم نەبوو و نەمدەهێشت کاریگەری لەسەر دۆخم هەبێت وەک یاریزانێکی هەڵبژاردەی نیشتمانی، چونکە من جەماوەرێکی زۆر گەورەم هەبوو ئەوکات و ئاستیشم وایکردبوو کە پێویست بێت لە هەڵبژاردەی نیشتمانیدا بم.
 
رووداو: کاتێک لە یانەی تەلەبە یاریت دەکرد و لە یانەی رەشیدتان دەبردەوە نەدەترسایت؟
 
حوسێن سەعید: من هیچ هەرەشەیەکی راستەوخۆم لێنەکرا و رووبەڕووی سزاش نەبوومەوە نە لە یانەی تەڵەبە و نەلە هەڵبژاردەی نیشتمانی، بەڵام یاریزانانی یانەی رەشید، کاتێک دەدۆڕێن، هەروەکچۆن لە بردنەوەدا پارە و پاداشتی دەدانێ. ئێمە لە یانەی تەڵەبە کاتێک لێمان دەبردنەوە بەزەییمان بە یاریزانەکاندا دەهاتەوە، چونکە دەمانزانی ئەگەری ئەوەیە سزا بدرێن و سەریان سفر بکرێت یان سزای کارگیڕی بدرێن یان رێککاری..
 
رووداو: دەتوانین بڵیین حوسێن سەعید باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێی عێراقە؟
 
حوسێن سەعید: نا ئێمە کۆمەڵەیەک بووین پێکەوە، ئەوانە نەوەیەکی زێڕین بوون، من لەگەڵ دوو نەوەی مەزندا یاریمکرد، نەوەی حەفتاکان کە عەلا حەسەن و عەلی کازم و کازم وەعل و هادی ئەحمەد و رەعد حەمودی و هەروەها نەوەی هەشتاکان کە من لەگەڵیاندا کاپتنی هەڵبژاردە بووم و یاریزانانی کۆچکردووی وەک نازم شاکر و ئەحمەد رازی و عەدنان درجال و فەتاح نسەیف و حارس محەمەد و مە‌هدی عەبدولسەمەد و زۆر یاریزانی دیکەی وەک خەلیل عەلاوی و ئەو دوو نەوەیە نەوەی بەخشین و نەوەی دەستکەوتەکان بوون، هەرچەندە ئەوکات جەنگی عێراق ئێران لە ئارادابوو و ئەوکاتیش لە نێو یاریگە و خاکی خۆمان و لەبەردەم جەماوەری خۆماندا یارمیمان نەدەکرد. تاکە تیپ لە مێژوودا کە گەیشتبێت و سەرکەوتووبێت لە گەیشتن بە جامی جیهانی و هیچ یارییەکی لە نێو خاکی خۆی و لەبەردەم جەماوەری خۆیدا ئەنجام نەدابێت، هەڵبژاردەی ئەوکات عێراقە. وێرای ئەوەش ئێمە دەستکەوتمان لە ئۆڵمپیاد و لەسەر ئاستی ئاسیا و ئاستی عەرەبیش بەدەستهێنا. تەنانەت ئێمە لەسەردەمێک لە سەردەمەکاندا چوار هەڵبژاردەمان هەبوو کە لە یەک کاتدا، بەشداریمان لە پاڵەوانێتییە ناوچەیی و عەرەبی و ئاسیاوییەکاندا و جیهانییەکاندا دەکرد..
 
رووداو: ئەو کاتەی سەردەمی زێڕینی یاریکردنت بوو، دەنگۆی ئەوە هەبوو کە پەیوەندی بە یانە ئەوروپییەکانی وەک ریال مەدرید و لیڤەرپوول دەکەیت، ئەم دەنگۆیانە تاوەکو چەند راستبوون؟
 
حوسێن سەعید: بەڵی نەک هەر من، بەڵکو زۆر یاریزان دەستەوارەی یاریکردن لە دەرەوەیان بۆ دەهات، لەبەرئەوەی یاریزانەکان یاریزانی نەوەیەکی نایاب بوون و من لە 77 لە جامی جیهانی لاوان، پاشئەوەی نازناوی جامی لاوانی ئاسیامان بردەوە لە هەمان ساڵدا و لە یەکەم یاریماندا لە تونس بەرامبەر نەمسا یاریمان کرد و ئەوکات بە پێنج گۆڵ لە نەمسامان بردەوە و من سێ گۆڵم تۆمارکرد و ئەوکات راهێنەری ریال مەدرید لەوێبوو کە هاتبوو بەشوێن یاریزاناندا دەگەڕا و ئەو پاڵەوانێتییانەی لاوان خۆت دەزانی کە هەلن بۆ راهێنەرەکان بۆ ئەوەی یاریزانی نوێ بدۆزنەوە و هەڵیان بژێرن و ئەوکات راهێنەرەکەی ریال مەدرید داوای لە سەرۆکی ئەوکاتی شاندەکەمان کرد کە ناتق شاکر بوو و راهێنەری هەڵبژارەکەمان کە ئابای یۆگسلافی بوو، داوایکرد پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکەم، بەڵام دەستەی شاندەکە بە نوێنەرەکانی ریال مەدریدیان گوت کە لە وڵاتەکەی ئێمە یاسای پیشەگەری نییە و ئیدی دوای ئەوە درێس و ئاڵای ریال مەدریدیان بە دیاری داینێ و ئیدی من لەوکاتەوە ریال مەدریدم خۆشویست لەرێگەی ئەو ئەزموونەوە.. یانەی هاشاشی هەنگاری ماوەیەک داوایانکرد، و یانەی سەدی قەتەری لە 89 داوایانکردم یاری بۆ یانەی سەد بکەم، بەڵام ئەوکات ئیدی ئەو داواکارییە دەچووە بەردەستی دەوڵەت و دەوڵەت دەینووسی، ئەم کەسە سامانێکی نیشتمانییە و ناتوانین دەستبەرداری بین بەوەش رێگەیان دەگرت یاریزانەکان ببنە پیشەگەر و هەروەها ئەحمەد رازی رەحمەتیش لەلایەن یانە ئەوروپییەکانەوە داواکرا ، بەڵام ئەو جۆرە رێپێدانە نەبوو  ودەزانی کە گۆڵکەرەکان هەمیشە داخوازییان لەسەرە و گۆڵکەر دراوێکی دەگمەنە .
 
رووداو: با دواین پرسیارم ئەوەبێت، خەڵک حەزدەکات بزانێت حوسێن سەعید ئێستا چی دەکات و بەچییەوە سەرقاڵە؟
 
حوسێن سەعید: من دوای چوونە دەرەوەم لە کارکردن لەگەڵ لیژنەی ئۆڵپی و یەکێتی تۆپی پێ، دەوڵەت پۆستی وەزیری وەرزش و لاوانی خستە بەردەستم لە حکومەتی کازمیدا و ناوم لە هەموو حکومەتەکاندا بەربژێربوو بۆ ئەو پۆستە بەڵام بەفەرمی لەلایەن سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لەلایەن برام محەمەد ئەلحەلبووسییەوە، بەڵام من داوای لێبوردنم کرد لەو بەرپرسیارێتییە و من ئێستا ئیدی کارم هەیە لە هەولێر و ئیشم هەیە لە قەتەر و لەبەرئەوەی منداڵەکانم پزیشکن و لە قەتەر دەژین، منیش ماوەیەکی زۆرە  لەوێ دەژیم و نیشتەجێم و نەوەکانم و زۆر کەس لە ئەندامانی ماڵباتەکەم لە قەتەر کاردەکەن و بەوەش وەک راوێژکار لە قەتەر دەژیم و دەزانن کە قەتەر بەرێکخستنی مۆندیالێک کە دواتر دووبارە نابێتەوە، دڵی هەموو ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی خۆشکرد.
 
رووداو: حوسێن سەعید، ئەفسانەی زیندووی تۆپی پێی عێراق سوپاس بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانمان؟
 
حوسێن سەعید: من زۆر سوپاستدەکەم و سوپاسم بۆ کەناڵی رووداو بۆ ئەو میواندارییە دووبارە دەکەمەوە و وە سوپاسم بۆ تۆ دووبارە دەکەمەوە بۆ ئەو پرسیارانەی کە لەوانەیە لای خەڵک وەڵامەکەی روون نەبێت و نەیزانن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.