بۆ دەنگی یەکەمت بە مێسی و رۆناڵدۆ نەدا؟ لیڤاندۆڤسکی وەڵامدەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا و یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، هۆکاری دەنگدانی یەکەمی بە جۆرجینیۆ و دەنگنەدان بە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی ئاشکراکرد.
 
ئەستێرەی پۆڵەندی بۆ دووەمساڵ بەسەریەوەکەوە خەڵاتی زە بێستی فیفا بۆ باشترین یاریزانی ساڵ بەدەستهێنا، دوای ئەوەی توانی بەسەر لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزیدا سەربکەوێت.
 
فیفا ئەنجامی دەنگدانەکانی ئاشکراکرد و بژاردەکانی کاپتن و راهێنەرانیشی ئاشکراکرد، کە دیاربوو لیڤاندۆڤسکی دەنگی یەکەمی بە جۆرجینیۆی یاریزانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و یانەی چێڵسی ئینگلیزی داوە، ئینجا دەنگی دووەمی بە مێسی و دەنگی سێیەمی بە رۆناڵدۆ داوە.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بایرن میونشن، لیڤاندۆڤسکی هۆکاری دەنگدانی یەکەمی بە جۆرجینیۆ ئاشکراکرد و گوتی "من هەمیشە سەیری یاریزانانی هێڵی هێرشبردن دەکەم، بەڵام ئەوەی جۆرجینیۆ کردی و بەدەستیهێنا مانایەکی زۆر دەگەینێت".
 
هێرشبەری پۆڵەندی و باشترین یاریزانی جیهان، زیاتر گوتی "دەبێت مرۆڤ بێلایەن بێت، جۆرجینیۆ چەندین گۆڵی گرنگیشی تۆمارکردووە، سەرەڕای ئەوەی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە، هەروەها ساڵێکی شێتانەی لەگەڵ چێڵسی و ئیتاڵیا بەڕێکرد".
 
جۆرجینیۆ سەرەڕای ئەوەی دەنگی یەکەمی باشترین یاریزانی جیهانی بەدەستهێنا، بەڵام لە دوایین ریزبەندیی زە بێستدا پلەی شەشەمی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی توانی 24 خاڵ کۆبکاتەوە.
 
ئەو یاریزانە ئیتاڵییە ساڵی رابردوو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا نازناوی یۆرۆی بەدەستهێنا و لەگەڵ چێڵسیش بووە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.