ئەحمەد یاسین چووە خولی تورکیا


رووداو دیجیتاڵ

یانەی دینیزلی سپۆری تورکی بەفەرمی، گواستنەوەی ئەحمەد یاسین، یاریزانی کوردی یانەی هاکنی سوێدیی بۆ ریزەکانی راگەیاند.

دینیزلی لەسەر لاپەرە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی گواستنەوەی یاریزانەکەیان بۆ ساڵ و نیوێک راگەیاند و دەڵێت، ئەگەری هەیە بۆ ساڵێکی دیکەش گرێبەستی یاریزانە 29 ساڵییەکە نوێبکەنەوە، لە ئەگەری سەرکەوتنی لەگەڵ یانەکەدا.

ئەحمەد یاسین ئەزموونێکی زۆری لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق و کاروانی پیشەگەریی لە یانەکانی دەرەوە هەیە، یاریزانەکە لە هێڵی هێرشبەر یارییدەکات، پێشتر لە یانەکانی بی کەی فۆروەردی سوێدی، ئۆریبرۆی سوێدی، ئایک سۆلنای سوێدی، هاکنی سوێدی و ئەلخۆری قەتەری یارییکردووە.

یانەی دینیزلی سپۆری تورکی، لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی خراپن و لە پلەی 21ـەم و کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە و لە کۆی 18 یاریی لەم وەرزەدا تەنیا سێ یاریی بردووەتەوە.

ئەحمەد یاسین کوردی فەیلییە و لە 22ـی نیسانی 1991 لە شاری بەغدا لە دایکبووە.