بەفەرمی گرێبەستی سێرجی رۆبێرتۆ نوێکرایەوە


رووداو - هەولێر

یانەی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی فەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی سێرجی رۆبێرتۆ، بەرگریکەری یانەکەی راگەیاند.

بارسێلۆنا هەواڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکەی لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی تاوەکو ساڵی 2022 راگەیاندووە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکەش 500 ملیۆن یۆرۆیە.

سێرجی رۆبێرتۆ لە ساڵی 2010 بۆ تیپی یەکەمی بارسێلۆنا سەرخراوە و 110 یاریی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامداوە، بارسێلۆنا بە نوێکردنەوەی گرێبەستی 25 ساڵە ئیسپانییەکە دەرگای بەڕووی هەموو ئەو یانانە داخست کە داوای ئەو یاریزانەیان دەکرد.

رۆبێرتۆ بەهۆی ئەو گۆڵەی لە ریمۆنتادایەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان تۆماریکرد ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی چەندین یانە داوای یاریزانەکە بکەن، لەپێش هەموویان مانچێستەر سیتی.