گەڕی نۆیەمی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات
رووداو دێجیتاڵ
بەیانی رۆژی پێنجشەممە گەڕی نۆیەمی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات و تاوەکو ئێستا هەریەک لە یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر، شێروانە و زاخۆ لە ریزبەندیی یەکەم و دووەم و سێیەمی خولەکە دەبینرێن
ئاکرێ - رزگاری
یانەی ئاکرێ لە گەڕی نۆیەمدا میوانداریی یانەی رزگاری دەکات، پلەی پێنجەمی خولەکە لەگەڵ شەشەمی خولەکە یاریی دەکات، هەرچەندە ئاکرێ یارییەک کەمتری لە یانەی رزگاری کردووە، بەڵام بە جیاوازی گۆڵ لە پێش یانەی رزگارییەوەیە، و هەردووکیان خاوەنی 12 خاڵن
یانەی ئاکرێ ئەم وەرزە هیچ یارییەکی لە دەرەوەی یاریگای خۆی نەدۆڕاندووە، سێ یاریی کردووە و هەرسێکیانی بردووەتەوە، هەربۆیە یارییکردن لەنێو یاریگای خۆی بووەتە خاڵێکی بەهێز بۆ یانەکە، لەبەرامبەردا یانەی رزگاری سێ یاریی لەسەرەوەی یاریگای خۆی ئەنجام داوە و هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، ئەمەش یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی یانەی رزگاری
رانیە - هەندرێن
یانەی رانیە بە چەندین کێشەی داراییدا تێدەپەڕێت و بەڵام ئەنجامەکانی سەرباری ئەو کێشانەش تا راددەیەک باشن، ئەگەر ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکەیتەوە رێک یانەی هەندرێن دەردەچێت. یانەی هەندرێن بە کێشەیەکی دارایی قوڵدا ناڕوات، بەڵام تاوەکو ئێستا خاوەنی یەک بردنەوەش نییە لە خولی نایابی کوردستان.
یانەی هەندرێن، لە سەرەتای وەرزەکەوە تاوەکو ئێستا بە کێشەیەکی گەورەدا تێدەپەڕێت، ئەوەش کەمی دروستکردنی دەرفەتی گۆڵە لەسەر یانەکانی بەرامبەر، بەجۆرێك کە یانەی هەندرێن لە حەوت یارییدا تەنیا دوو گۆڵی تۆمار کردووە، لە کاتێکدا رانیە لە حەوت یارییدا خاوەنی هەشت گۆڵە.
یانەی هەندرێن ئەم وەرزە حەوت یاریی کردووە هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، خاوەنی سێ یەکسانبوون و چوار دۆڕانە، رانیەش لە پلەی دەیەم دێت بە کۆکردنەوەی هەشت خاڵ
شەقڵاوە - پیشەسازی
دوای تێپەڕبوونی شەش یاریی، یاریی رابردوو یانەی شەقڵاوە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی چوارقوڕنەی بردەوە، و پیشەسازیش لەنێو یاریگای خۆی بەرامبەر رانیە یەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا
هەردوو یانە بە شێوازێکی تەواو هێرشبەری یاریی دەکەن و دوایین یارییەکانیان، رێژەیەکی زۆری گۆڵ تۆمار کراوە، چاوەڕێی یارییەکی زۆر بەهێز دەکرێت، چونکە یەکێک لە تیپە بەهێزەکان لەنێو یاریگای خۆی، یانەی شەقڵاوەیە.
یانەی پیشەسازی بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ لە چوارەمی ریزبەندییەکە دەبینرێت، یانەی شەقڵاوەش بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ لە پلەی دوازدەیەم دێت.
رۆژی هەینیش، تەواوکەری یارییەکانی ئەم گەڕە بەڕێوەدەچن
شێروانە_زاخۆ
بەهێزترین یاریی ئەم گەڕە، لە دەڤەری گەرمیانە و یانەی شێروانە میوانداری یانەی زاخۆ دەکات.
شێروانە و زاخۆ چەند خاڵیکی هاوبەشییان هەیە، لەوانەش هەردوو یانەکە بەشێوازێکی تەواو هێرشبەری یاریی دەکەن. یانەی شێروانە و زاخۆ خاوەنی دووەم و سێیەم زۆرترین ژمارەی گۆڵن لە خولەکەدا، ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە هەردوو یانە هیرشبەرانە و بوێرانە یاریی دەکەن، چاوەڕێی یارییەکی بەهێز دەکرێت
یانەی شێروانە بەکۆکردنەوەی 16 خاڵ لە پلەی دووەم دەبینرێت، یانەی زاخۆش 15 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمدا دێت
دەربەندیخان - برایەتی
ئەم دوو یانەیە بە ئاستێکی ناجێگیردا تێدەپەرن، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ببنە جێگای رەزامەندی هاندەران
یانەی دەربەندیخان، خاوەنی بردنەوە مێژوویەکەی ئەم وەرزەیە بەرامبەر یانەی سەیدسادق، کە بەئەنجامی حەوت گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی لێبردەوە، و یانەی برایەتیش بەوە ناسراوە کە بەرامبەر یانە بەهێزەکان، نێچیرێکی ئاسان نییە و دوایین یاریشیان بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی شێروانەی دووەمی ریزبەندیی بردەوە
یانەی برایەتی بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی هەشتەم دێت و یانەی دەربەندیخانیش بە 10 خاڵ لە پلەی دەیەم.
سیروانی نوێ - پێشمەرگەی هەولێر
یانەی سیروانی نوێ میوانداریی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، دەیەوێت پێشمەرگە لە ریزبەندیی خولی نایابی کوردستان بهێنێتە خوارەوە
سیروانی نوێ یەکێکە لە باشترین تیپەکان لەنێو یاریگای خۆیدا و دوای سێ یاریی لەنێو یاریگای خۆیدا هیچی نەدۆڕاندووە، ئەوەی لەسەر ئەم یانەیە زۆر جیاوازە ئەوەیە کە هیچ گوشارێکی میدیایی لەسەر نییە و بە بردنەوەی ئەم یارییە دێتە چوارەمی ریزبەندی، لە بەرامبەردا یانەی پێشمەرگە بەهۆی خراپی رکابەرەکانییەوە، پێشەنگی خولەکەی گرتووە و ئێستا چاوی لە قایمترکردنی پێگەی خۆیە لە پێشەنگی ریزبەندییەکەدا.
.یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پێشەنگی خولەکە دەبینرێت و یانەی سیروانی نوێش بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی حەوتەم دێت
هەولێر_ چوارقوڕنە
یانەی هەولێر دوای گەڕانەوەی بۆ سەر رێچکەی سەرکەوتن، چاوی لەوەیە بەربەستی یانەی چوارقوڕنەش ببڕێت و زیاتر لە ناوچەی دابەزین دووربکەوێتەوە.
یانەی چوارقوڕنە، تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی نەبردۆتەوە و دوو جاریش راهێنەری گۆڕیوە و ئێستاش رەفیق سەعید، راهێنەری یانەکەیە و دەیەوێت یەکەم سێ خاڵی خولەکە لەنێو یاریگای دووەمی فەڕەنسۆ هەریری بەدەستبهێنێت.
یانەی هەولێر بە کۆکردنەوەی حەوت خاڵ لە پلەی 11ـی خولەکە دەبینرێت و چوارقوڕنەش بە کۆکردنەوەی سێ خاڵ لە پلەی 13ـی ریزبەندییەکەدا دێت.