رووداو دیجیتاڵ
لە یادی دوو ساڵەی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، جارێکی دیکە یاریگەی لوسەیل چاوەکان دەباتەوە ئەو وڵاتە و ئەمجارە بۆ یاریی جامی ئینتەرکۆنتێنتال، لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و پاچوکای مەکسیکی.
ئەمشەو لە یاریی کۆتایی رکابەرییەکەدا، ریال مەدریدی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و پاچوکای مەکسیکی رووبەڕووی یەکدەبنەوە، ریال مەدرید یەکەم یاریەتی و بەبردنەوە دەبێتە پاڵەوان، پاچوکا لە قۆناخی پێشکۆتاییەوە بەشدارییکردووە و بەبردنەوەی لە ئەهلی میسری بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە گەیشتووەتە ئەم قۆناخە و ئەمشەو رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکات.
یانەی ریال مەدرید دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی کۆتایی جامی ئینتەرکۆنتێنتال ئەنجامدا و بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە.
یاریزانانی یانەی ریال مەرید دوای گەیشتنیان بە دەوحە، دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان لەسەر چیمەنی یاریگەی لوسەیل ئەنجامدا و بۆ رووبەڕوووبوونەوەی یانەی پاچوکای مەکسیکی لە یاری کۆتایی جامی ئینتەرکۆنتێنتال ئامادەیە، کە ئەمشەو بەڕێوەدەچێت.
لە دوایین مەشقەکانی یانەی شاهانەدا کیلیان ئێمباپێ بەشێوەیەکی ئاسایی مەشق و راهێنانی کردووە و ئەگەری هەیە بەشداری لە یارییەکەدا بکات، دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر ئاتالانتا تووشی پێکانبوو و بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ لە لالیگادا یاری نەکرد، بەڵام زەحمەتە لە پێکهاتەی سەرەکیدا بێت.
ئێمباپێ دەگەڕێتەوە ئەو یاریگەیەی دوو ساڵ لەمەوبەر بەرامبەر ئەرجەنتین نازناوی مۆندیالی لەدەستدا، ئەمجارە دەیەوێت یاوەری یانەکەی بکات لە بردنەوەی نازناوێکی دیکە.
یارییەکە بۆ ریال مەدرید تایبەت دەبێت، دوای ئەوەی شەوی رابردووی ڤینیسیۆس جونیۆر خەڵاتی زە بێستی بۆ باشترین یاریزانی جیهان و کارلۆ ئەنچێلۆتیش خەڵاتی باشترین راهێنەری لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا.
یانەی پاچوکای مەکسیکی بەدوای سوپرایزێکدا دەگەڕێت و دەیەوێت جامی ئینتەرکۆنتێنتال بباتەوە وڵاتەکەی، سەرەڕای ئەوەی دەزانێت رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید ئاسان نییە.
یانەکە هاوشێوەی ریال مەدرید رۆژی سێشەممە دوایین مەشق و راهێنانەکانی بۆ یاریی کۆتایی ئەنجامدا و ئەوانیش بۆ یارییەکە ئامادەن.
یانەی پاچوکا لە قۆناخی پێشکۆتاییدا یارییکرد و رووبەڕووی یانەی ئەهلی میسری بووەوە، بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە یانە مەکسیکییەکە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە یاری کۆتایی.
پاچوکا یەکەمجارە لە مێژوودا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید یاری دەکات، ساڵی داهاتوو لە مۆندیالی یانەکانیشدا لە کۆمەڵەی یانەی شاهانەیە و جارێکی دیکە رووبەڕووی ئەو یانەیە دەبێتەوە.
ریال مەدرید و پاچوکا جیاوازییەکی زۆر گەورەیان هەیە، بەهای پێکهاتەی ریال مەدرید زیاتر لە ملیارێک و 360 ملیۆن یۆرۆیە و بەهای پاچوکای مەکسیکی تەنیا 40 ملیۆن یۆرۆیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ