رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر پیدرۆ لویس ریبۆل، نەشتەرکاری تایبەتمەندی پێکانی یاریزانان، هۆشداریداوە لە جۆری پێکانی ئەمجارەی لامین یامالی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا و دەڵێ ئەوەی ئێستا ئەو یاریزانە دووچاری بووە، سەرهەڵدانەوەی پێکانی کۆنە و تەنیا سووڕانێکی ئاسایی قولەپێی ئەو یاریزانە نییە، بەڵکو ئاڵۆزە.
لامین یامال، ئەستێرەی 17 ساڵی بارسێلۆنا، لە یاریی یانەکەی بەرامبەر لێگانیس دووچاری سووڕانی قولەپێی بوو و پاش پشکنین، یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند ئەو یاریزانە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە یارییکردن دووردەکەوێتەوە.
بارسێلۆنا لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد، لامین پشکنینی بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە پێکانی هەیە لە بەستەری ناوەوەی پاژنەی راستی.
ریبۆل دەڵێ، "ئەوەی لامین یامال، سووڕانێکی ئاسایی قولەپێ نییە، بەڵکو حاڵەتەکە وردترە، گرژبوونێکی بچووکی ئەو رووپۆشەیە کە ئێسکی پێشەوەی قاچ بە ئێسکی پشتەوە دەبەستێتەوە، هەر بۆیە دەستنیشانکردنی جۆری پێکانەکە ئاڵۆزترە لەوەی تاوەکو ئێستا راگەیێنراوە".
پزیشکەکە سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە، کە پێکانەکە سەرهەڵدانەوەیە و دەڵێ، "ئەوە دووەم پێکانە ئەو یاریزانە لە هەمان شوێندا لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا دووچاری دەبێت، ئەو ناوچەیەی پێکانەکەی لێیە، لە پاژنە و قولەپێ هەستیارترە".
ئەو پزیشکە قسەی بۆ رادیۆی 'کادینا سێر' کردووە و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی ئایا بەهۆی بەردەوامبوون لە یاریکردن بەپێکانەوە ئەو یاریزانە پێکانەکەی سەریهەڵداوەتەوە، دەڵێ، "دەکرێ ناوچەی پێکانەکە زیانی زۆری بەرکەوتبێت، راهێنەران و یاریزانان بڕیار دەدەن کەی یاریزان لە یاریگە دەچێتە دەرەوە، بەڵام لە راستیدا دەبێ پزیشکەکان بڕیاری ئەوەیان بەدەست بێت کە لە چ کاتێکدا یاریزان دەبەنە دەرەوەی یاریگە و ئایا دەتوانێت بەردەوام بێت لە یارییکردن یان نا".
ریبۆل کە یەکێکە لە باشترین پزیشکەکانی جیهان لەو جۆرەی پێکانی یاریزانان، دەڵێ کێشە زیان گەیشتن بە رووپۆشی نێوان هەردوو ئێسکەکەیە کە وادەکات، قولەپێ لەبەردەم مەترسیی زیان پێگەیشتنی زیاتردا بێت.
پزیشکە ئیسپانییەکە زیاتر دەڵێ، "ئامۆژگاری دەکەم بە چارەسەری بیۆلۆجی لەگەڵ پرۆتین کە چارەسەرێکی باو و کاریگەرە و هاوکاردەبێت بۆ چاکبوونەوەی ئەو جۆرە پێکانانە".
لامین پێشتر لە یاریی بارسێلۆنا و رێدستار لە چامپیۆنزلیگ، دووچاری هەمان پێکانبوو و ماوەی سێ هەفتە لە یاریگەکان دوورکەوتەوە.
لامین ئەمساڵ بەشداری لە 21 یاریی بارسێلۆنا کردووە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان و شەش گۆڵ و 12 ئەسیستی هەیە.
ریبۆل هەروەها دەڵێ، "لامین ئەمساڵ بەشداری لە 80٪ی یارییەکانی بارسێلۆنا کردووە، وەرزی رابردووش رێژەی بەشداریی لە یارییەکانی یانەکەیدا گەیشتبووە 91٪، ئەوان چاکەیەکی گەورەی لەگەڵ دەکەن ئەگەر بەبێ پەلە لێکردن چارەسەری بکەن و ماوەی بدەن بەتەواوی چاک ببێتەوە و پێویستە کە قۆناخی چارەسەریدا، پشکنین و تیشکی بەردەوامی بۆ بگیرێت بۆ دڵنیابوون لە چاکبوونەوەی شوێنی پێکانەکەی".
هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لامین یامال بەئەگەری زۆرەوە، بەشداری یارییەکانی بارسێلۆنا لە جامی سوپەری ئیسپانیا ناکات کە سەرەتای ساڵی داهاتوو لە سعودیە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ