بەسرە میوانداری بالەی عێراق دەکات

رووداو هەولێر 

فیدراسیۆنی بالەی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا سەرەتای هەفتەی داهاتوو یارییەکانی قۆناخی هەشتی خولی بالەی یانە نایابەکانی عێراق لە بەسرە بەڕێوەبچن.
 
یانە بەشدارەکانی قۆناخی هەشتی خولی نایابی عێراق، بریتین لە هەولێر، سموود، غازی جنووب، نەینەوا، مەسافی شیمال، بەحری، حەبانییە لەگەڵ پێشمەرگەی سلێمانی. 
 
ئازاد حەسەن، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی بالەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بەتۆڕی میدیای رووداو، رایگەیاند "رۆژی 24ـی ئەم مانگە یارییەکانی قۆناخی هەشتی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق لە هۆڵی یانەی غازی جنووب لە شارۆچکەی زۆبێری بەسرە دەستپێدەکەن و یارییەکانیش چوار رۆژ بەردەوامدەبن، ئامادەکارییەکانی زۆرمان کردووە و دەزانین یارییەکان پڕ لە رکابەرین".
 
ئەمساڵ یارییەکانی قۆناخی هەشت بەشێوازی دوو گردبوونەوە تەواو دەبن، دوای تەواوبوونی یارییەکانی گردبوونەوەی یەکەم لە بەسڕە فیدراسیۆنی بالەی عێراق کات و شوێنی گردبوونەوەی دووەم دیاریدەکات بۆ ئەوەی ئەو چوار یانەی کە دەگەنە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین دیاری بکرێن.
 
لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی بالەی عێراق هەریەک لە یانەکانی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی دوو یانەی کوردی بەشداری خولەکەن. 
 
پێشتر کاکەجوان رەمەزان، راهێنەری یانەی هەولێر بۆ رووداوی روونکردەوە "ئەمساڵ بەپێکهاتەیەکی کوردی بەشدارین و دەمانەوێت رکابەری بکەین، ئاستی یاریزانانمان بەرزە و ئەوان چاوییان لە پلەکانی پێشەوەیە". 
 
وەرزی رابردوو یانەی غازی جنووب نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقی بەرزکردەوە، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە پلەی دووەم هات، هەریەک لە یانەکانی شورتە و هەولێر لە پلەکانی سێیەم و چوارەم هاتن. 
 
یارییەکانی رۆژی یەکەمی قۆناخی هەشتی خولی نایابی بالەی عێراق بەمشێوەیە دەبن: 
 
غازی جنووب - هەولێر 
مەسافی شیمال - سموود 
حەبانیە - نەینەوا 
پێشمەرگەی سلێمانی - بەحری