فلومینێنزی و ئەهلی لەسەر بلیتێکی یاریی کۆتایی مۆندیال دەجەنگن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمشەو کاژێر 21:00، یاریگەی نێودەوڵەتی شا عەبدوڵا، ناسراو بە گەوهەرە درەوشاوەکە دەبێتە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی یانەی فلومینێنزیی بەرازیلی و ئەهلی میسری لە یاریی پێشکۆتایی جامی جیهانی یانەکان. 
 
فلومینێنزیی پاڵەوانی جامی لیبەرتادۆرێس، راستەوخۆ بۆ ئەم قۆناخە سەرکەوتووە و چاوی لەوەیە یەکەمین یاریی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا بە سەرکەوتن کۆتایی پێبهێنێت و بۆ یاریی کۆتایی سەرکەوێت، هەرچی یانە میسرییەکەیە لە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا رووبەڕووی یانەی ئیتیحادی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی سعودی بووەوە، یارییەکەی بە ئەنجامی 3-1 لێبردەوە و چاوی لەوەیە لەم قۆناخەشدا لە پاڵەوانی ئەمریکای لاتین بباتەوە و بۆ یەکەمین جار لە مێژوویدا بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە سەرکەوێت. 
 
ئەمە یەکەمین بەشداریکردنی فلومینێنزییە لە مۆندیالی یانەکان، یانە بەرازیلییەکە لە یاریی کۆتایی جامی لیبەرتادۆرێس رووبەڕووی بۆکا جۆنیۆرز بووەوە، توانی بە ئەنجامی 2-1 یارییەکە بباتەوە و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا جامی لیبەرتادۆرێسی بەرزکردەوە، بەڵام لە پاڵەوانێتییەکانی دیکەدا دۆخی یانەکە باش نییە و لە دوایین دوو یاریی خۆیدا لە خولی بەرازیلی بەرامبەر هەریەکە لە پاڵمێراس و گریمیۆ تووشی شکست هات و بە پلەی حەوتەم کۆتایی بەم وەرزەی خولەکە هێنا. 
 
سەبارەت بە ئەهلی، یانە میسرییەکە بە بردنەوەی چامپیۆنزلیگی ئەفریقیا توانی بۆ هەشتەمین جار بۆ مۆندیالی یانەکان سەرکەوێت، بەڵام هیچ جارێك نەیتوانیوە بگاتە یاریی کۆتایی. باشترین دەستکەوتی یانەکە لەم پاڵەوانێتییەدا لە ساڵانی 2006، 2020 و 2021ـبووە کاتێك مەدالیای برۆنزی بەدەستهێناوە. 
 
بەپێچەوانەی فلومینێنزی، پاڵەوانەکەی کیشوەری ئەفریقیا ئاستێكی ناوازە پێشکێش دەکات و دۆخی باشە، یانەکە لە مانگی 10ـی ئەمساڵەوە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و چاوی لەوەیە لە ئاستە باشەکەی بەردەوامبێت و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا بۆ یاریی کۆتایی جامی جیهانی یانەکان سەرکەوێت.
 
براوەی ئەم یارییە لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان مانچێستەر سیتی و ئۆراوە دەبێتەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە هیچ کام لەو چوار یانەیەی لەم قۆناخەدان لە مێژووی خۆیاندا نەیانتوانیوە  بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە سەرکەون، بۆیە ئەمساڵ دوو یانەی نوێ لە یاریی کۆتایی دەبینین و یەکێکیان بۆ یەکەمین جار نازناوی جامی جیهانی یانەکان بەرزدەکاتەوە.