کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە ریال مەدرید

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەهۆی زۆری پێکانی یاریزانەکانی رووبەڕووی کێشەی زۆر دەبێتەوە و کارگێڕیی یانەکە بیر لە چارەسەرییەکی خێرا دەکاتەوە، بەتایبەت بۆ هێڵی بەرگری.
 
دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر ڤیاریال دەیڤد ئالابا تووشی پێکانبوو و بەو هۆیەوە یاریزانەکە زیاتر لە 6 مانگ دووردەکەوێتەوە، ریال مەدرید لە هێڵی بەرگریدا رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە و پێویستی بە گواستنەوەی یاریزانی نوێ دەبێت.
 
هەرچەند کارگێڕیی یانەی شاهانە بەنیاز نەبوو لە گواستنەوەی زستانەدا هیچ گرێبەستێک واژۆبکات، بەڵام یانەکە پلانەکانی دەگۆڕێت و دەیەوێت کێشەکانی هێڵی بەرگریی یانەکەی چارەسەر بکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یانەی ریال مەدرید کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی پلانی گواستنەوەی زستانە بکەن.
 
رۆژنامەی ئەی ئێس و مارکای ئیسپانی لەبارەی پلانەکانی یانەکەوە بۆ گواستنەوەی زستانە دەڵێن "ریال مەدرید چەند ناوێکی لە لیستەکەیدا داناوە و هەڵسەنگاندن بۆ گواستنەوەیان دەکات، بۆ ئەوەی کێشەکانی هێڵی بەرگریی پێ چارەسەر بکات."
 
بەپێی سەرچاوەکان، گۆنچالۆ ئیناسیۆ، بەرگریکاری پۆرتوگالی و یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی ئەو وڵاتە، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ سیلڤا، بەرگریکاری پۆرتوگالی و یانەی بێنفیکا و لینی یۆرۆ بەرگریکاری فەرەنسا و لیلی فەرەنسی ئەو یاریزانانەن کە ریال مەدرید بیر لە گواستنەوەی یەکێکیان دەکاتەوە لە گواستنەوەی زستانەدا.



گۆنچالۆ ئیناسیۆ، تەمەنی 22 ساڵە، یاریزانەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ سپۆرتینگ لیشبۆنە تاوەکو 2027 بەردەوامدەبێت، ریال مەدرید ماوەیەکی زۆرە چاودێریی ئەم یاریزانە دەکات و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 30 ملیۆن یۆرۆ.
 
ئەنتۆنیۆ سیلڤای بەرگریکاری بێنفیکا، تەمەنی 20 ساڵە، گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 45 ملیۆن یۆرۆیە.

 

لینی یۆرۆ، بەرگریکارێکی لاوی فەرەنسییە، تەمەنی 18 ساڵە و لە یانەی لیلی ئەو وڵاتە یاریی دەکات، نرخی یاریزانەکە 25 ملیۆن یۆرۆیە و ئەگەر ریال مەدرید هەنگاوەکانی بکاتە کردەیی ئەگەری هەیە بتوانێت بە ئاسانی یاریزانەکە بگوازێتەوە.


دوای ئەوەی ئالابا تووشی پێکانبوو، ئێستا هەشت یاریزانی ریال مەدرید پێکانیان هەیە کە ئەمانەن؛ دەیڤد ئالابا، ئیدێر میلیتاو، تیبۆ کۆرتوا، ئیدوارد کاماڤینگا، ڤینیسیۆس جونیۆر، ئاردا گولەر، دانی کارڤاخال، فێرلان مێندی.