ڤیدیۆ؛ ئەو راهێنەرەی هەموو جیهانی تووشی سەرسوڕمان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەڵۆنسۆ، راهێنەری لاوی ئیسپانی و یانەی بایرلیڤەرکوزن لە سەرسامکردنی جیهان بەردەوامە، راهێنەرەکە تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا نەدۆڕاندووە و مێژوویەکی نوێی تۆمارکرد.
 
لە دوایین یارییاندا لە رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی بوندێسلیگادا، یانەی بایرلیڤەرکوزن لە بای ئارێنا میوانداریی یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی کرد، یانەی میوان بەر لەم یارییە لە بوندێسلیگادا 5 گۆڵی لە بایرن میونشن کردبوو و هاتبوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە سەرکێشییەکانی لیڤەرکوزنیش بهێنێت، بەڵام نەیتوانی.
 
تیپەکەی چابی ئەڵۆنسۆ بەباشترین ئاستەوە دەرکەوت، یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، گۆڵەکان لە رێگەی ڤیکتۆر بۆنیفاس، جێرمی فریمپۆنگ و فلۆریان ڤێرتزەوە تۆمارکران.
 
دوای بردنەوەی ئەم یارییە بایرلیڤەرکوزن لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەدا بووە خاوەنی 39 خاڵ و بە جیاوازیی 4 خاڵ لە پێش بایرن میونشنی دووەمە.
 
چابی ئەڵۆنسۆ لەم وەرزەی بوندێسلیگادا، 15 یاریی ئەنجامداوە، 12 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە 3 جار یەکسانبووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یانەکەی 42 گۆڵی تۆمارکردووە بە رێژەی 2.8 گۆڵ بۆ هەر یارییەک و 12 گۆڵی لێکراوە.
 
ئەڵۆنسۆ تاکە راهێنەرە تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا لەنێو خولە گەورەکانی ئەوروپادا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندبێت، ئەمەش بۆ راهێنەرە لاوەکەی ئیسپانیا دەبێتە مێژوویەکی نوێ لە کاروانی کارکردنیدا وەکو راهێنەر.
 
جگە لەوەش چابی لە رکابەرییەکانی یۆرۆپالیگدا، لە کۆمەڵەی هەشتەم یاریی دەکرد، هەر 6 یارییەکەی قۆناخی کۆمەڵەکانی بردەوە، 19 گۆڵی تۆمارکرد و تەنیا 3 گۆڵی لێکرا و بەیەکەمی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
بەشێوەیەکی گشتی لەم وەرزەدا بایرلیڤەرکوزن 24 یاریی لەژێر سەرپەرشتی ئەڵۆنسۆ ئەنجامداوە، 21 سەرکەوتن و 3 یەکسانبوونی هەیە، تیپەکەی 77 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
ئەوەی سەرنجڕاکێسە لە ریزەکانی بایرلیڤەرکوزندا، ئەوەیە کە سێ یاریزان 5 گۆڵ یان زیاتریان تۆمارکردووە، ڤیکتۆر بۆنیفاس تاوەکو ئێستا 9 گۆڵی لەم وەرزەدا تۆمارکردووە، هەریەکە لە جێرمی فریمپۆنگ و فلۆریان ڤێرتز 5 گۆڵیان لە رکابەرییەکانی خولەکەدا تۆمارکردووە و ئەمەش هێزێکی زیاتری داوەتە یانەکە.