فەرمی.. بڕیاری فرۆشتنی بلیت لە یاریگەی زاخۆ راگیرا

18-12-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی زاخۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، 150 ملیۆن دینار لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەی زاخۆ تەرخانکراوە، پرسیاری زۆر دەکرێت کە نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە گەیشتووەتە کوێ و بۆچی هیچ گۆڕانکاری نەکراوە، ئێمە نەمانگوتووە کە پارە تەواو بوو و نۆژەنکردنەوە کۆتاییهاتووە، هەر کاتێک ئەوەمان کرد دەتوانن گلەییمان لێبکەن.
 
بلند شەفیق، سەرۆکی یانەی زاخۆ زیاتر گوتی " لەکاتی تەواوکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگەدا روونکردنەوە لەبارەی تەواوی وردەکارییەکان و خەرجکردنی پارە بۆ یاریگەکە دەدەینە هاندەران، هەرکاتێکیش نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە تەواوبوون جیاوازییەکە دەبینن."
 
سەرۆکی یانەکە پەیامێکی ئاراستەی هاندەرانی یانەکەی کرد و گوتی " تێدەگەین کە ئەوان چەند بەپەرۆشن بۆ یانەکەیان، ئەو هاندەرانەی زاخۆ هەیەتی لە هەموو کوردستان و عێراق نییە، بەڵام هەندێکجار ئەو هاندانە کاریگەرییەکی خراپی دەبێت لەسەر یاریزانان و دەروونی تیپەکە، هاوێشتنی دەبەی ئاو و رەفتاری نا وەرزشی کاریگەری لەسەر ناو ناوبانگی یانەی زاخۆ دەکات، بۆیە داوا دەکەین ئەم دیاردانە دووبارە نەبنەوە."
 
بلند شەفیق داوا دەکات کە منداڵان بەبێ هیچ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان نەیەن بۆ یاریگە و پێویستە چاودێرییەکی زیاتری منداڵان بکەن بۆ ئەوەی هیچ شتێکی نەخوازراو روونەدات، بۆیە داوا لە خانەوادەی منداڵان دەکەین کە رێز لە ویستی منداڵەکانیان بۆ سەیرکردن و ئامادەبوون لە یاریگەکاندا بگرن و یاوەریان بن لە ئامادەبوون لە یاریگەدا.
 
سەرۆکی یانەی زاخۆ لەبارە هاتنە ناوەوەی هاندەران بۆ نێو یاریگە بە پارە دەڵێت " ئەگەر ئێمە لە بارودۆخێکی باشداباین بیرمان لەو بڕیارە نەدەکردەوە و پێویستمان بەمە نەدەبوو، بەڵام ئەگەر یاریگەمان نۆژەنکردەوە و جارێکی دیکە یاریگە تێکبچێت چی دەکەین، بۆیە بۆ ئەوەی مووچەی کارمەندانی یاریگە بدەین و بەردەوام کار بۆ پاراستنی یاریگە بکەین بڕیارەکە دراوە، بەڵام بەداخەوە کە بڕیارەکە بەشێوەیەکی باش نەگەیشت و هەریەکە و بەشێوەیەک لێکی دەداتەوە."
 
بلند شەفیق دەڵێت " لەگەڵ بەڕێوەبەری ئیدارەی زاخۆ کۆبووینەتەوە، هەردوولا لەسەر ئەوە کۆکبووین کە ئەمە بڕیارێکی باشە، بەڵام داواکراوە کە دیراسەی زیاتری بڕیارەکە بکرێت و تاوەکو جێبەجێکردنی بڕیارەکەش مووچەی کارمەندانی یاریگە و پاراستنی یاریگەی زاخۆ لەلایەن ئیدارەی زاخۆوە دابیندەکرێت، تاوەکو بڕیاری فرۆشتنی بلیت بۆ یارییەکانی زاخۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، ئەگەر بارودۆخی یانەکەمان باشبووایە، هیچ کاتێک بیرمان لەمە نەدەکردەوە، بەڵام دەبێت هەمیش بیر لە کێشەکان بکەین بۆ ئەوەی بەباشی یانەکە بەڕێوەببەین."
 
سەرۆکی یانەی زاخۆ بە هاندەرانی یانەکەی گوت " هەرکەسێک رەخنە و پێشنیازی بۆ بەرەوپێشبردنی یانەکە هەیە دەرگامان کراوەیە و بابەتەکە لە یانەکەدا گفتوگۆ دەکەین، نەک کێشەکان بچنە نێو سۆشیاڵ میدیا، چونکە ئەمە خزمەتی هیچ کەسێک ناکات و دەبێت هەموومان بەیەکەوە هاوکاربین و هەموومان تەواوکەری یەکدین.
بلند شەفیق مژدەیەکی خۆشی بۆ هاندەران راگەیاند و گوتی " بەڵێنمان پێدراوە کە هاوکاریمان بکرێت لە دابینکردنی مولیدەیەکدا، هەر کاتێکیش ئەمە کرا دەتوانین یارییەکانی یانەکەمان لە شەودا ئەنجامبدەین."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە