راهێنەری جەزائیر: دەمانەوێت ببینە پاڵەوانی عەرەب

18-12-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مەجید بوقرە یاریی کۆتایی جامی عەرەب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

مەجید بوقرە، راهێنەری هەڵبژاردەی جەزائیر، دانی بەوەدا نا کە یارییەکەیان بەرامبەر تونس ئاسان نابێت، دووپاتیشیکردەوە کە ئامانجیان بەدەستهێنانی نازناوی جامی عەرەبە بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەیاندا.
 
ئەمشەو کاژێر 18:00 لەسەر یاریگەی ئەلبەیت، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بە ئەمادەبوونی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و چەندین ئەستێرەی دیاری تۆپی پێ لەسەر ئاستی عەرەبی و جیهان، یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی جامی عەرەب لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی جەزائیر و تونس بەڕێوەدەچێت.
 
راهێنەری هەڵبژاردەی جەزائیر، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، هیوای خواست خۆی و یاریزانەکانی بتوانن لە تونس ببەنەوە و ببنە پاڵەوانی عەرەب، ئەگەرچی ئەرکییان زەحمەتە و گوتی "رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی تونس لە چەندین رووەوە زۆر زەحمەت دەبێت، بەتایبەتی لە رووی توانای جەستەییەوە، کە تاوەکو ئێستا وزە و کۆششێکی زۆرمان خەرجکردووە".
 
ئەو راهێنەرە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە رکابەرییەکەی جامی عەرەب زۆر تاقەتپرۆکێن بووە و گوتی "چەند یارییەکمان لە بەرزترین ئاستدا کردووە و ئێستا هەنگاوێکمان ماوە بۆ بردنەوەی نازناوەکە".
 
بوقرە دووپاتیشیکردەوە "رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی تونس وەک هەردوو یارییەکەمان بەرامبەر مەغریب و میسر دەبێت، چونکە هەردوو تیپەکەی یاریی کۆتایی بە باشی یەکدی دەناسن".
 
راهێنەری جەزائیر، دانی بەوەدا نا کە یاریزانەکانی ماندوون، بەڵام وەکخۆی گوتی "لە راستیدا کاتی پێویستمان لەبەردەستدا نەبوو بۆ ئەوەی بحەسێینەوە، بەڵام دەزانین کە حەسانەوەی هزری بۆ یاریی کۆتایی گرنگترە بۆ ئەو تیپەی دەیەوێت یارییەکە بباتەوە".
 
بوقرە لە کۆتایی قسەکانیدا، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یوسف بلایلیی یاریزانی لەلایەن یانەی قەتەری قەتەرییەوە، گوتی "دوێنێ زانیومە کە یوسف بلایلی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی قەتەر هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام پێموایە ئەوە کار لەو ناکات بۆ ئەم یارییە، چونکە ئەو یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکات و هەوڵدەدات یارمەتی هاوڕێکانی بدات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە