ئامۆریم پێنج راهێنەری دیکەی بردە مانچێستەر یونایتد


رووداو دیجیتاڵ

رۆبین ئامۆریم، راهێنەری نوێی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، پێنج راهێنەری دیکەی بردە یانەکە، پاشئەوەی لە مەشقدانی یانە ئینگلیزییەکە دەستبەکاربوو.
 
پێنج راهێنەرە نوێیەکە، وەک دەستەی یاریدەدەرانی ئامۆریم لە مانچێستەر یونایتد دەستبەکاردەبن.
 
میدیای بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، هەریەکە لە کارلۆس فێرناندێز، خۆرخی ڤیتال، ئادیلیۆ کاندێدۆ، ئیمانوێل ڤیرۆ و پاولۆ پێرێرا پەیوەندییان بەتیمی مەشقدانی یانەی مانچێستەر یونایتدەوە کردووە، کە ئامۆریم سەرپەرشتی دەکات.
 
جیا لەو پێنج راهێنەرە نوێیەکە، لە تیمەکەی ئامۆریمدا هەریەکە لە دارین فلیچەر و ئاندریاس جۆرجسۆن کە پێشتر لە تیپی یەکەمی یانەکە لەگەڵ ئێریک تێن هاگ کاریانکردووە، لە یانەکە دەمێننەوە، ئەمە جیا لە کریگ ماوسۆنی یاریدەدەری راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەکە.
 
کارلۆس فێرناندێز لە مانچێستەر یونایتد، دەبێتە یاریدەدەری ئامۆریم. ئەو راهێنەرە پێشتر لەگەڵ ئامۆریم لە یانەکانی کاسا بیا، پراگا و سپۆرتینگ لیسبۆنا، یاریدەدەری ئامۆریم بووە.
 
ڤیتال دەبێتە راهێنەری گۆڵپارێزانی یونایتد و ئاندێدۆ و ڤیرۆ، دەبنە راهێنەری تیپی یەکەمی یانەکە و پێرێرا کە پێشتر لە ئارسیناڵ و لیڤەرپوول کاریکردووە، دەبێتە راهێنەری توانای جەستەیی.
 
جیا لەو راهێنەرانەی کە گەیشتوون، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئێدواردۆ رۆزالینیش بگاتە یانەکە و وەک شرۆڤەکاری تیپەکە، لەگەڵ تیمەکەی ئامۆریمدا دەستبەکارببێت.
 
ئامۆریم لە دوای دوورخستنەوەی تێن هاگ لە مەشقدانی یانەکە، بژاردەی یەکەمی کارگێڕیی مانچێستەر یونایتد بوو بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپەکە.
 
ئامۆریم بەمێژوویەکی بەرچاوەوە روو لە مەشقدانی یونایتد دەکات، پاشئەوەی لەگەڵ سپۆرتینگ دووجار نازناوی خولی پۆرتوگالی بەدەستهێنا.
 
یەکەم یاریی ئامۆریم لەگەڵ یانە نوێیەکەی رۆژی 24ی ئەم مانگە دەبێت کاتێک لە پرێمەرلیگ، مانچێستەر یونایتد رووبەڕووی ئیپسویچ تاون دەبێتەوە.