رووداو هەولێر
یانەی پیشەسازی میوانە نوێیەکەی خولی نایابی کوردستان، بە ئەنجامە باشەکانی دوای تێپەڕبوونی 3 گەڕ لە خولەکەدا سەرنجی هەمووانی راکێشاوە.
تیپەکە سێ یاری ئەنجامداوە و دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، حەوت خاڵی کۆکردووتەوە، چوار جار تۆڕی رکابەرەکانی هەژاندووە و دووجاریش گۆڵی لێکراوە.
پیشەسازی لە دوایین یاری خولی نایابی کوردستان لەنێو یاریگەی خۆیدا لە یانەی چوارقوڕنەی بردەوە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر.
مەولوود رەمەزان، راهێنەری لاوی شاری هەولێر، کە وەرزی رابردوو نازناوی خولی یانە پلەیەکەکانی بردەوە، وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی لە خولی نایاب پێشکەشکردووە، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "سوپاسی تەواوی یاریزانان دەکەم کە هەموو ئەو ئەرکانەی پێیان دەدەین بەشێوەیەکی تەواو جێبەجێی دەکەن، ئەوەی دڵم پێیخۆشە پێکهاتەکەم هەمووی یاریزانی لاوی نێو شاری هەولێرە".
هەر لە یارییەکانی خولی نایابی کوردستان لەم گەڕەدا چەند یارییەکی دیکە بەڕێوەچوون، یانەی شەقڵاوە و یانەی زاخۆ بە دوو گۆڵ یەکسانبوون، سیروانی نوێ و هەندرێن بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
خراپی یاریگەکان پرسێکی گەرم و خاڵێکی نەرێنیە لە خولی نایابی کوردستان، بەشێوەیەک هەفتەی رابردوو یاری یانەی ئاکرێ و یانەی هەولێر بەهۆی خراپی یاریگەی دووەمی فەرەنسۆ هەریری ئەنجامنەدرا، یانەی شەقڵاوەش ئەمڕۆ دوای دەستکاریکردنی یاریگەکەی یەکەم یاری لەسەر خاکی خۆی ئەنجامدا، بەڵام نیگەرانی یاریزانان و گازاندە لەسەر خراپی یاریگە هێشتا تەواونەبووە.
ئامانج ئەکرەم، یاریزانی یانەی شەقڵاوە، لەبارەی خراپی یاریگەکەیان بۆ رووداو، گوتی "لەم یاریگە خراپەدا گۆڵم پێناکرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە لە خولی نایابی کوردستان ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن:
هەولێر - پێشمەرگەی هەولێر
رانیە - شێروانە
سەیدسادق - برایەتی
ئاکرێ چاوەڕوانە
یارییەکانی خولی نایابی کوردستان لەلایەن دیسکی وەرزشی تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵ دەکرێن، هەموو یارییەکان بەکۆمێنتاریی کوردی لە پەیجی رووداو سپۆرتس دەگوازرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ