داوای 300 ملیۆن پاوەند لە ئێڤەرتۆن دەکرێت و یانەکە لە لێواری دابەزینە

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ئێڤەرتۆن لە پرێمەرلیگدا 10 خاڵی لێ کەمکرایەوە و ئەگەری هەیە یانەکە دووبارە تووشی سزا ببێتەوە و 9 خاڵی دیکەشی لێکەمبکرێتەوە. 
 
بەهۆی شکاندنی یاساکانی یاری خاوێنەوە، یانەی ئێڤەرتۆن تووشی قورسترین سزا بووەوە لە مێژووی پرێمەرلیگدا، کاتێك یانەکە 10 خاڵی لێشکێندرا و لە پلەی 14ـی ریزبەندییەوە بۆ پلەی 19 دابەزی و ئێستا یانەکە لە ناوچەی دابەزینە. 
 
 
کاردانەوەی ئێڤرتۆن
 
دوای جێبەجێکردنی سزاکە و کەمکردەنەوەی خاڵەکانی، یانەی ئێڤەرتۆن ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە کە ئاراستەی یانەکە کراون و لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دەڵێت "یانەکە پێیوایە بڕیارەکەی پرێمەرلیگ تەواو نادادپەروەرانەیە و تانە لەو بڕیارە دەدات. ئێستا پرۆسەی تانەدان دەستپێدەکات و لە کاتی خۆیدا لەلایەن لێژنەیەکەوە بەپێی یاساکانی پرێمەرلیگ دەستنیشانکراوە، دۆسێی تانەلێدانی یانەکە قبوڵ دەکرێت". هەروەها یانەکە بە گرنگییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو بڕیارانە دەکات کە لە هەر دۆخێکی دیکەدا دراون سەبارەت بە یاساکانی یاریی خاوێن لە پرێمەرلیگ".

 

 
 
دۆخەکە خراپتر دەبێت
 
دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پرێمەرلیگ، هەرسێ یانەی بێرنلی، لێستەرسیتی و لیدز یونایتد -کە لە دوو وەرزی رابردوودا بۆ چامپیۆنشیپ دابەزیون- بڕیاریاندا هەریەکەیان داوایەکی یاسایی بە بڕی 100 ملیۆن پاوەند لە دژی ئێڤەرتۆن تۆمار بکەن.
 
لە دوو وەرزی رابردوودا کە ئەو سێ یانەیە لە پرێمەرلیگەوە بۆ چامپیۆنشیپ دابەزیون، ئێڤەرتۆن نزیك بووە لە ناوچەی دابەزین و ژمارەی خاڵەکانی لەو سێ یانەیە نزیکبووە بۆیە پێیانوایە ئێڤەرتۆن دەبێت قەرەبوویان بکاتەوە.
 
هەرچەندە بەپێی میدیاکان ئەگەری سەرکەوتنی داواکانی سێ یانەکە کەمە، بەڵام لە ئەگەری ساخ بوونەوەیدا ئێڤەرتۆن دەبێت 300 ملیۆن پاوەند بەو سێ یانەیە بدات و ئەگەر نەتوانێت ئەو بڕە پارەیە بدات ئەوا یانەکە 9 خاڵی دیکەی لێ کەمدەکرێتەوە و ئەگەری دابەزینی بۆ چامپیۆنشیپ زیاتر دەبێت. 
 
ئێڤەرتۆن سێیەمین یانەیە لە مێژووی پرێمەرلیگدا خاڵی لێبشکێندرێت. لە رابردوودا یانەی میدڵسبۆرۆ بە شکاندنی سێ خاڵ و یانەی پۆرتسماوس بە شکاندنی 9 خاڵ سزا دراون، بەڵام سزاکەی ئێڤەرتۆن کە شکاندنی 10 خاڵ بوو لە یانەکە، قورسترین سزایە یانەیەك لە مێژووی پرێمەرلیگدا تووشی بووبێت.