2023 بۆ ڤینیسیۆس کۆتاییهات

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، راگەیێنراوێکی لەبارەی پێکانی ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەکەی بڵاوکردەوە و میدیای ئیسپانیاش دەڵێت "یاریزانەکە دوو مانگ و نیو دووردەکەوێتەوە."
 
ریال مەدرید لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان دەرکەوتووە، ڤینی بەهۆی پچڕانی ماسوولکەی دووسەری رانی چەپی تووشی پێکانبووە و چاوەڕێی پێشهاتەکان دەکەین."
 
هەرچەند ریال مەدرید ئاماژەی بۆ ماوەی دوورکەوتنەوەی یاریزانەکە نەکردووە، بەڵام بەپێی میدیای ئیسپانیا، ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی بەرازیلی یانەی ریال مەدرید بەهۆی پێکانەوە تاکو مانگی دووی ساڵی داهاتوو لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە. 
 
ڤینی لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و کۆڵۆمبیا لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال، لە خولەکی 27 تووشی پێکانێکی قورس بوو و یاریگەی بەجێهێشت، هەڵبژاردەکەشی بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕا.
 
بەپێی پشکنینە سەرەتاییەکان، دەرکەوت یاریزانەکە لە رانی چەپیدا تووشی پێکان بووە و پێشبینی دەکرا بۆ ماوەی شەش هەفتە دووربکەوێتەوە، بەڵام دواتر یانەی ریال مەدرید رایگەیاند پێکانەکەی ڤینیسیۆس قورسترە لەوەی چاوەڕوان دەکرا و بەو هۆیەوە یاریزانەکە نزیکەی دوو مانگ و نیو لە یانەکە دادەبڕێت. دوای ئەم لێدوانە پێشبینی دەکرێت ریال مەدرید لەم یاریانەدا لە تواناکانی ئەستێرە بەرازیلییەکە بێبەشبێت:
 
کادیز 
ناپۆلی 
گرانادا
ریال بێتیس 
یۆنیەن بەرلین
ڤیاریال
ئالاڤێش
مایۆرکا
ئەتلێتیکۆ مەدرید
خیتافی 
ئالمێریا
لاس پالماس
 
ڤینیسۆس لەم وەرزەدا ئاستێکی ناوازەی پێشکێش کردووە و لە 13 یاریدا بەشداری 10 گۆڵی کردووە، دابڕانی یاریزانەکە گورزێکی کوشندە دەبێت بۆ یانەی ریال مەدرید و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پلانەکانی کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەی شاهانە دەبێت.