پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024.. هۆڵەندا دەیەوێت خۆی لە کەوتنە پاشکۆی پاڵاوتنەکان بپارێزێت

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی هۆڵەندا لەگەڵ یۆنان لە ململانێیەکی توونددا دەبێت لەپێناو بەدەستهێنانی بلیتی دووەمی سەرکەوتن لە کۆمەڵەی دووەمی پاڵاوتنەکان بۆ گەیشتن بەیۆرۆی داهاتوو.
 
بلیتی یەکەمی کۆمەڵەکە هەڵبژاردەی فەرەنسا بردوویەتی و هۆڵەندی و یۆنانییەکان دەیانەوێت خۆیان لە چارەنووسی ئەنجامدانی پاشکۆی پاڵاوتنەکان بەناچاری بپارێزن.
 
هۆڵەندا ئەمشەو میوانداریی ئێرلەندا دەکات و پێویستی بەبردنەوەی یارییەکە هەیە تاوەکو کاتێک لە دوا گەڕی پاڵاوتنەکاندا رووبەڕووی گیبرالتار دەبێتەوە، رێگەی خۆی بۆ گەیشتن بەئەڵمانیا ئاسانتر کردبێت و لە دوا یاریی هەردوو هەڵبژاردەدا، سێ خاڵ لە پێش رکابەرە یۆناییەکەیەوە بێت.
 
هۆڵەندییەکان دەیانەوێت لە ریزی گەورە و سەرکەوتووەکان بن بۆ یۆرۆ، ئەگەر ئەمشەویش نەتوانن نیوەی بلیتی پەڕینەوە بەدەست بهێنن، بەهۆی سەرکەوتنیان لە هەردوو یاریی راستەوخۆدا بەرامبەر یۆنان، دەتوانن لە دوا گەڕدا بلیتی دووەمی کۆمەڵەکە بۆخۆیان ببەن و یۆنانیش بنێرن بۆ پاشکۆی پاڵاوتنەکان.
 
لە کۆمەڵەی چوارەمدا، ئەمشەو دوو هەڵبژاردەی دیکە چارەنووسی خۆیان لەبەردەم پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکەدا تاڕادەیەکی زۆر یەکلادەکەنەوە. تورکیا پێشەنگی کۆمەڵەکە و سەرکەوتن بۆ یۆرۆی مسۆگەرکردووە، هەڵبژاردەکانی وێڵز و کرواتیا رکابەریی لەسەر بلیتی دووەم دەکەن و هەریەکەیان دە خاڵی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا ئەرمینیاش کە حەوت خاڵی هەیە، نیازی نییە بەئاسانی دەست لەخەونی گەیشتن بەپاڵەوانێتییەکە هەڵبگرێت.
 
لەم گەڕەی ئەمجارەدا، هەڵبژاردەی وێڵز ئەرکی زەحمەتە و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئەرمینیا یارییدەکات، ئەرمینییەکان یاریی چوونیان بەرامبەر وێڵز لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە وێڵز بردووەتەوە و ئەوەش پاڵنەریانە بۆ ئەوەی هاوکێشەکانی کۆمەڵەکە لە بەرژەوەندی خۆیان هەڵبگێڕنەوە.
 
کرواتیا خاوەن ویستێکی دیکەی کۆمەڵەکەیە کە چاوی لە گەیشتنە بەیۆرۆ و دەیەوێت نەوە زێڕینەکەی هەڵبژاردەکە کە تاوەکو ئێستا هەموو شتی کردووە، تەنیا بردنەوەی نازناوێک نەبێت، هەنگاوەکانی بۆ کردنە راستیی بردنەوەی نازناوێک درێژە پێ بدات.
 
کرواتیا کە دوو یاریی رابردووی پاڵاوتنەکانی پێشبینینەکراوانە دۆڕاندووە، ئەمشەو دەتوانێ قەرەبووی ئەو دوو شکستە بکاتەوە و ئەرکەکەی بەرامبەر لاتیڤیا کە هیچ ئامانجێکی بۆ نەماوەتەوە بۆی بجەنگێت، دەتوانێ خەونی کرواتییەکان بۆ گەیشتنەوە بەیۆرۆ بەزیندوویی بهێڵێتەوە.
 
لە کۆمەڵەی حەوتەمدا، کە تاوەکو ئێستا هیچ هەڵبژاردەیەک گەیشتن بەیۆرۆی مسۆگەر نەکردووە، سویسرای پێشەنگ چاوی لە یەکلاکردنەوەی هەموو شتە، کاتێک ئەمشەو بەرامبەر کۆسۆڤۆ یارییدەکات، بەڵام رۆمانیاش کە هاوشێوەی سویسرا شانزە خاڵی لە کۆمەڵەکەدا کۆکردووەتەوە، دەتوانێ خەون بەپەڕینەوەوە ببینێت، ئەگەرچی دوو یاریی زەحمەتی بەرامبەر ئیسرائیل و پاشان سویسرا ماوە، کە رکابەری سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی بلیتی یەکەمی کۆمەڵەکە.