ناوبژیوانانی سوپەر کلاسیکۆ سزادران

18-11-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سوپەر کلاسیکۆ ئاندرێس کونیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور، بڕیاریدا ئاندرێس کونیای ناوبژیوانی ئۆرۆگوایی سزابدات، بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی یاریی سوپەر کلاسیکۆی نێوان ئەرجەنتین و بەرازیل.
 
لە دوای یاریی سوپەر کلاسیکۆ، لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، کە لە ئەرجەنتین بەڕێوەچوو، و بە ئەنجامی 0-0 کۆتاییهات، رەخنەیەکی زۆر لە ناوبژیوانانی یارییەکە گیرا، بەهۆی ئەوەی چاوپۆشییان لە چەندین حاڵەتی روون و ئاشکرا کرد.
 
بەتایبەتی لە دیمەنێکدا کە نیکۆلاس ئۆتامێندیی بەرگریکاری ئەرجەنتین بە ئەنقەست لە رافینیای یاریزانی بەرازیلی دا و خوێن لە دەموچاوی هاتەخوارەوە، کەچی ناوبژیوان بە ڤاریشەوە چاوپۆشییان لێکرد و نەک هەر کارتی سووری پێنەدرا، کە شایەنی بوو، بەڵکو کارتی زەردیشی بە روویدا بەرز نەکردەوە.
 
بەپێی میدیای ئەرجەنتین، کۆنمیبۆل بڕیاری سزادانای کونیای ناوبژیوانی داوە  و سڕکراوە تاوەکو کاتێکی نادیار، هەروەها سزادانەکە ئیستیبان ئۆستویچی ناوبژیوانیش دەگرێتەوە، کە لەو یارییەدا ڤار بەڕێوەدەبرد و لەو حاڵەتەدا داوای لە کونیای ناوبژیوان نەکرد کە بگەڕێتەوە ڤار، سەرەڕای ئەوەی هەموو ناوبژیوانان باس لەوە دەکەن کە ئۆتامێندی لەو حاڵەتەدا شایەنی کارتی سوور بوو.
 
زۆربەی یارییەکانی سوپەر کلاسیکۆ لە نێوان ئەرجەنتین و بەرازیل، توندوتیژییەکی زۆر بەخۆیانەوە دەبینن، بەهۆی ئەوە رکابەرییە مێژووییەی لە نێوان ئەو دوو هەڵبژاردەیەدا هەیە، کە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2020ـیش توندوتیژییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی و بە سەرکەوتنی ئەرجەنتین بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە