قەتەر بۆ دووەمجار میوانداری مۆندیالی یانەکان دەکات

رووداو دیجیتال

یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، بڕیاریدا دەوحەی پایتەختی قەتەر میوانداریی جامی جیهانی یانەکانی 2020 بکات، کە لە 1ـی شوباتی ساڵی داهاتوو یارییەکانی دەستپێدەکەن و لە 11ـی هەمان مانگ کۆتاییدێن.

دەبێتە دووەمجار دەوحە میوانداری ئەو پاڵەوانێتییە بکات، کە میوانداری وەشانی پێشووشی کردبوو، و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی نازناوەکەی بەدەستهێنا.

بڕیاربوو جامی جیهانی یانەکانی 2020 لە مانگی داهاتوودا ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دواخرا.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوەدەکەن کە بەهۆی ئەوەی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە قەتەر رووی لە پاشەکشەیە، پێشبینی دەکرێت فیفا رێگە بە هاندەرانی نێو وڵاتی قەتەر بدات ئامادەی یارییەکانی ئەو پاڵەوانێتییە ببن، کە گرنگترین پاڵەوانێتییە لەسەر ئاستی یانەکانی جیهان.

 

شێخ حەمەد بن خەلیفە بن ئەحمەد ئال سانی، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی قەتەر، لەو بارەیەوە گوتی "میوانداریکردنی ئەو بۆنەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەمان ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 لەدوای دوو ساڵی دیکە".

حەسەن زەوادی، ئەمینداری گشتی لیژنەی باڵای پرۆژە و کلتووری قەتەریش، هەر لەو بارەیەوە گوتی "بێگومان میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکی وەک جامی جیهانی یانەکان بۆ دووەمجار بەسەریەکەوە، ئەزموون و شارەزاییەکی زیاترمان پێدەدات بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 بە باشترین و سەرکەوتووترین شێوە".

قەتەر میوانداری یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای 2020 بۆ یانەکانی رۆژهەڵاتی کیشوەرەکە دەکات و هەموو رێوشوێنە تەندروستییەکان دەگرێتەبەر بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی هەموو لایەک و پاراستنیان لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

پێشتر قەتەر میوانداری یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای 2020 بۆ یانەکانی رۆژئاوای کیشوەرەکەش کردبوو، کە بریتیبوون لە 35 یاری و هەموویان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوون.