کۆرۆنا لە جەستەی محەممەد سەڵاح دەرناچێت

رووداو دیجیتال

سەرەڕای ئەوەی هیچ نیشانەیەکی لێدەرنەچووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادەنییە لە جەستەی محەممەد سەڵاحی یاریزانی میسریی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەربچێت.

یەکێتیی تۆپی پێی میسر، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، دووەم پشکنینی کۆرۆنا بۆ محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی هەڵبژاردەی فیرعەونەکان و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی ئەنجامدرا و ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ دەرچوو و دەرکەوت ڤایرۆسەکە هێشتا لە جەستەی سەڵاحدا ماوە.

یەکێتیی تۆپی پێی میسر، لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سەڵاح ناتوانێت لەگەڵ لیڤەرپوول لە یاری لووتکەی گەڕی داهاتووی پرێمەرلیگدا بەرامبەر لیستەر سیتی یاری بکات، ئەگەرچی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری یانە ئینگلیزییەکە چاوەڕێی دەکرد هەواڵێکی خۆشی لە میسرەوە پێبکات، بۆ ئەوەی بەرامبەر لیستەر سیتیی یەکەمی ئێستای پرێمەرلیگ سوود لە تواناکانی سەڵاح وەربگرێت، کە تیپەکەی بەدەست چەندین پێکانەوە دەناڵێنێت.

محەممەد سەڵاح دوای گەڕانەوەی بۆ میسر بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دوو یاری بکات، بەشداری لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی برایەکیدا کرد و دواتر پشکنینەکان دەریانخست کە تووشی کۆرۆنا بووە، یاریزانەکە سەرەتا لە قاهیرەی پایتەخت خۆی کەرەنتینە کرد و دواتریش کەرەنتینەکەی بردە شاری جۆنە. 

محەممەد سەڵاح تاوکو ئێستا گۆڵکاری پرێمەرلیگە بە تۆمارکردنی 8 گۆڵ، کە لە 8 یارییدا تۆماریکردوون، کە 3 یاریزانی دیکەش هاوبەشینە، ئەوانیش بریتین لە جیمی ڤاردیی هێرشبەری یانەی لیستەر سیتی، دۆمینیک کالڤێرت لێوینی هێرشبەری یانەی ئێڤێرتۆن و هیۆنگ مین سۆنی ئەستێرەی کۆریی یانەی تۆتێنهام.