کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیارە گەورەکەی دا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئێمریک لاپۆرت یانەی نەسڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەڤانێکی ئیسپانی، هەڵوێستی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی ئاشکراکرد سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی. هەروەها هەڵوێستی ئێمریک لاپۆرتی بەرگریکاری یانەکەش لە چوون بۆ ریزەکانی ریال مەدرید ئاشکراکرد، کە هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ئەو یاریزانە نزیکە لە چوونە ریزەکانی مێرینگێ.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە مانگی یەکی ساڵی 2023 پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کرد و گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو وەرز و نیو بوو، واتا گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت.
 
جۆزێ فێلیکس دیاز، رۆژنامەڤان لە رۆژنامەی مارکا رایگەیاندووە "بەپێی سەرچاوەکانم، رۆناڵدۆ لەگەڵ نەسڕ دڵخۆشە، و دەیەوێت درێژە بە گەشتەکەی لەگەڵ تیپەکە بدات".
 
ئەو رۆژنامەڤانە زیاتر گوتی "رۆناڵدۆ دەیەوێت لەگەڵ نەسڕ نازناوەکان بەدەستبهێنێت و بگاتە هەزار گۆڵ، ئەو و خێزانەکەی چێژ لە ژیان لە ریاز وەردەگرن".
 
دۆن رۆناڵدۆ، تاوەکو ئێستا هیچ نازناوێکی فەرمیی ناوخۆیی و ئاسیایی لەگەڵ یانەی نەسڕ بەدەستنەهێناوە، کە لەوانەیە ئەمە بەهۆی ئەوەبێت کە لەم چەند ساڵەی دواییدا یانەی هیلالی رکابەری نەسڕ باڵادەستە بەسەر تۆپی پێی سعودیەدا.
 
هەر لەو چوارچێوەیەدا دیاز هەواڵی گەڕانەوەی ئێمریک لاپۆرتی بۆ سەر بژاردەکانی ریال مەدرید رەتکردەوە، کە باس لەوە دەکرێت کە ریال مەدرید بەنیازە لە مانگی یەکی داهاتوو، یان لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ئەو بەرگریکارە بباتە ریزەکانی.
 
روونیشیکردەوە "رۆیشتنی لاپۆرت ئەستەمە بۆ ریزەکانی ریال مەدرید، پێشبینیش دەکەم گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ تەواو بکات".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو رۆژنامەڤانەی مارکا، گوتی "ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەک بیر لە لاپۆرت ناکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی هەواڵی ئەوە لە میدیاکان بڵاوبووەتەوە، چونکە تیپی شاهانە بەدوای بەرگریکارێکی گەنجتری ناوەڕاستدا دەگەڕێت".
 
گرێبەستەکەی ئێمریک لاپۆرت لەگەڵ یانەی نەسڕ تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2026 درێژ دەبێتەوە.
 
دیاز ئەوەشی ئاشکراکرد، کە ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی ریال مەدرید، لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا دەستەوارەیەکی گەورەی لە یانەیەکی سعودیییەوە پێگەیشتووە و بۆچوونەکان لێک نزیکبوونە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە