هەردوو لیۆنێلەکەی ئەرجەنتین دەیانەوێت باڵۆن دۆر لە قورگی ڤینی دەربهێنن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر لاوتارۆ مارتینێز باڵۆن دۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زۆر کەس پێیانوایە ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی، ئەستێرەی ریال مەدرید، بەهێزترین بەربژێری بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی 2024ـە، بەڵام ئەرجەنتینییەکان بە سەرکردایەتی هەردوو لیۆنێلەکەیان، هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی باڵۆن دۆرەکە بۆ لاوتارۆ مارتینێز لە چنگی ڤینی دربهێنن.
 
سەرەڕای بوونی چەندین ئەستێرەی گەورە لە رکابەرییەکەدا، وەک لاوتارۆ مارتینێز، جود بێلینگهام، کیلیان ئێمباپێ، ئێرلینگ هالاند و ئەستێرەکانی دیکە، بەڵام پیشبینییەکان لە بەرژەوەندی ڤینیسیۆسدان.
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە لە وەرزی رابردوودا بە ئاستە بەرزەکەی رۆڵی سەرەکی بینی لە بردنەوەی هەردوو نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ بۆ ریال مەدرید، بۆیە بە نزیکترین یاریزان دادەنرێت بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
 

لاوتارۆ درەوشایەوە
 
لەم دواییانەدا دەنگەکان دەستیان بە بەرزبوونەوە کردووە و داوای ئەوە دەکەن لاوتارۆ مارتینێز، ئەستێرە و گۆڵکاری یانەی ئینتەرمیلان خەڵاتەکەی بۆ دابنرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وەرزی رابردوو لەسەر ئاستی یانەکە و هەڵبژاردەی نیشتمانی کردوویەتی.
 
هەرچەندە چامپیۆنزلیگ لە بەرژەوەندی ڤینیسیۆسدایە، بەڵام ئاست و ئەنجامەکانی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل لەوانەیە کەمێک کاریگەری لەسەر چانسی ئەو بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە هەبێت، بەتایبەت کە لاوتارۆ لای خۆیەوە پاڵەوانی کۆپا ئەمریکای 2024 بوو.
 
لاوتارۆ بەڕێکەوت نەبووەتە پاڵەوانی رکابەرییە کیشوەرییەکە، بەو پێیەی توانی 5 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەکەی تۆماربکات، لەنێویاندا گۆڵی بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە، پاش ئەوەی لە خولەکی 112 سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر کۆڵۆمبیا بۆ ئەرجەنتین بەدەستهێنا، دوای ئەوەی یارییەکە گەیشتبووە دوو گێمی زیادکراو.
 
لاوتارۆ بووە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە، بەمەش نازناوەکە و خەڵاتە تاکەکەسییەکەی بەدەستهێنا بۆ ئەوەی چانسی بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر زیاتر بکات.
 
جگە لە هەڵبژاردەی نیشتمانی، لاوتارۆ مارتینێز دیارترین یاریزان بوو لەو نازناوەدا کە ئینتەرمیلان بەدەستی هێنا، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو نازناوی سیریا ئای بەدەستهێنا، ئەمەش بەهۆی رۆڵە گەورە و کاریگەرەکەی کوڕە ئەرجەنتیینییەکە بوو.
 
ئەو گۆڵکارە ئەرجەنتینییە خەڵاتی گۆڵکاری خولی ئیتاڵیاشی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی توانی 24 گۆڵ تۆماربکات، کە 8 گۆڵ زیاتر بوو لە نزیکترین رکابەرەکەی.
 
هەروەها لاوتارۆ سەرکردایەتی ئینتەرمیلانی کرد بۆ بردنەوەی جامی سوپەری ئیتاڵیا، دوای ئەوەی لە چرکەکانی کۆتایی یارییەکەی بەرامبەر ناپۆلی گۆڵێکی تۆمارکرد.
 
لاوتارۆ بێدەنگیی خۆی شکاند و دانی بەوەدانا کە شایەنی ئەوەیە لە ئاهەنگی باڵۆن دۆردا بێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەدرێژایی ساڵ ئەنجامی داوە.
 
مارتینێز بەبێگومانی یەکێکە لە بەربژێرە بەهێزەکانی باڵۆن دۆر، بەهۆی ئاستەکانی لەگەڵ ئینتەرمیلان و ئەرجەنتین، بەڵام ئەو هێزە میدیاییەی کە ریال مەدرید هەیەتی، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ڤینیسیۆس و بێلینگهام نزیکترین بن لە خەڵاتەکە.
 

هەڵمەتی ئەرجەنتینییەکان
 
دێنیس جێرمانی، ئەفسانەی ناپۆلی، داوای کرد باڵۆن دۆرەکەی ئەمجارە بدرێتە لاوتارۆ مارتینێز.
 
دێنیس دەڵێت "لاوتارۆ زیاتر لە هەموو یاریزانێک شایەنی ئەوەیە خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەستبهێنێت، چونکە گۆڵێکی زۆری تۆمارکردووە و سەرجەم ئامانجەکانی بەدەستهێناوە".
 
سەبارەت بە لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، دووپاتیکردەوە کە هێرشبەرەکەی شایستەی بردنەوەی خەڵاتەکەیە، بەو پێیەی ئەمساڵ باشترین یاریزانی جیهانە.
 
سکالۆنی پێش دوایین رووبەڕووبوونەوەی ئەرجەنتین لەگەڵ بۆلیڤیا، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، گوتی "مارتینێز شایەنی تۆپی زێڕینە، ئەو لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکادا گۆڵی تۆمارکرد و گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە بوو. ئەو لە هەموو کەسێک زیاتر شایەنی ئەو خەڵاتەیە".
 
راهێنەری تانگۆ هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "هیوادارم لاوتارۆ خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەستبهێنێت، ئەو یاریزانێکە زۆر سەرسامم پێی و هیوادارم ئەو دەرفەتەی لەدەست دەرنەچێت".
 
بەهێزترین گورز کە لەوانەیە کاریگەری بەسەر ڤینیسیۆسەوە هەبێت، هاتنە سەرهێڵی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی بارسێلۆنا و گۆڵکاری هەموو کاتەکانی ئەرجەنتینە، کە لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە لاوتارۆ دەبێت باڵۆن دۆر بباتەوە.
 
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە، دوای یارییەکەیان لەگەڵ بۆلیڤیا، گوتی "ساڵێکی نایاب بوو بۆ لاوتارۆ. لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکادا گۆڵی بردنەوەی نازناوەکەی تۆمارکردووە. گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە بوو، بۆیە لە هەموو کەسێک شایەنترە بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر".
 
بەهۆی ئەو جەماوەرە زۆرەی کە لیۆنێل مێسی ئەفسانەی تۆپی پێ هەیەتی، لەوانەیە کاریگەری لەسەر پێشبڕکێکە هەبێت و چانسی لاوتارۆ مارتینێز لە کێبڕکێکیەکەدا لەگەڵ ڤینیسیۆس بەهێزتر بێت، و خەونی یاریزانە بەرازیلییەکە نزیک بکاتەوە لە لەنێوبردن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە