کرووس: بردنەوەی باڵۆن دۆر بەلای منەوە گرنگ نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

تۆنی کرووس، ئەستێرەی پێشووی ئەڵمانیا و ریال مەدرید دەڵێت "بە متمانەوە بڕیاری وازهێنانی یەکجاریم داوە و بردنەوەی باڵۆن دۆر بەلای منەوە گرنگ نییە."
 
کرووس قسەی بۆ کەناڵی "TVE"ـی ئیسپانی کردووە و دەڵێت "من باشم، کاتێک بڕیاری شتێکم دا، بە متمانەوە دەیکەم و بڕوام پێیەتی، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بڕیارەکە هیچ زەحمەت نەبووبێت."
 
تۆنی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "دڵخۆش دەبم، کاتێک خەڵک بەباشی باسم دەکەن، کاتێک ئەوان باسم دەکەن هەستدەکەم بیرم دەکەن، ئەمەش مانای ئەوەیە شتێکی باشم کردووە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا و گۆمانم نییە هاوڕێکانم بەردەوامدەبن لە سەرکەوتن."
 
لەبارەی خەڵاتی باڵۆن دۆر و بردنەوەی خەڵاتەکە، تۆنی کرووس دەڵێت "باڵۆن دۆر بەلای منەوە گرنگ نییە، بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن یاریزانێکی ریال مەدریدەوە بەسە، ڤینیسیۆس، بێلینگهام و کارڤاخاڵ شایستەی خەڵاتەکەن، بەڵام من گرنگی پێنادەم."
 
کرووس باسی رووداوەکەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئەڵمانیا لە یۆرۆی 2024 دەکات، کە تۆپێک بەر دەستی مارک کۆکۆرێیا کەوت و لێدانی سزا هەژمارنەکرا و دەڵێت "هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بووین کە دەبووایە لێدانی سزا هەژماربکرێت."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەستێرە ئەڵمانییەکە گوتی "ئایا تۆپەکە بەر دەست کەوت؟ بەڵێ،ئایا ئیسپانیا شایستەی نازناوەکە بوو؟ بەڵێ، ئیسپانیا شایستەی بردنەوە بوو؟ بەڵێ، بەڵام هەموو ئەمە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت.
 
تۆنی کرووس، لە دوای یارییەکانی یۆرۆی 2024 بڕیارییدا بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت، بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، دەیەوێت لە داهاتوودا تۆنی بکاتە راهێنەری یەکێک لە ئەکادیمیاکانی یانەی ریال مەدرید.