وێنە و ڤیدیۆ؛ مێسی وەکو باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ خەڵاتکرا

18-10-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، خەڵاتێکی مێژوویی پێدرا، کە پێشتر هیچ یاریزانێک وەری نەگرتووە.
 
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە ئەمریکا، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی خەڵاتی باشترین یاریزانی تۆپی پێی لە مێژوودا دایە لیۆنێل مێسی، دوای ئەوەی وەکو یەکەم یاریزان 46 نازناوی لە کاروانی یارییکردنیدا بەدەستهێنا.
 
مارکا دەڵێت "مێسی گەورەترین براوەی تۆپی پێیە لە مێژوودا و باشترین یاریزانی مێژووە"، هەر بەو هۆیەشەوە ئەو خەڵاتەی پێدراوە.
 
لەو رێوڕەسمەدا کە ماڵباتی مێسی، هاوڕێکانی ئەو یاریزانە، خۆرخی ماس، یەکێک لە خاوەنەکانی یانەی ئینتەرمەیامی و خوان ئیگناسیۆ گایاردۆ، بەڕێوەبەری رۆژنامەی مارکا ئامادەی بوون، پەیکەرێکی تایبەت کە بۆ ئەستێرە ئەرجەنتییەکە دروستکراوە وەکو خەڵاتی باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ درایە لیۆنێل مێسی.
 

لیۆ بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دەرکەوت و دوای بردنەوەی خەڵاتەکە قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و گوتی " لەم دەرفەتەدا دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە هاتنە سەر شانۆ و ئەو قسانەی لەبارەی منەوە کرد، سوپاسی مارکا دەکەم بۆ ئەم خەڵاتە و ئەمە شەرەفێکی گەورەیە."

 



دوای ئەوە مێسی چووە نێو وردەکاری زیاترەوە و گوتی "بە منداڵی بردنەوەی یەکەم نازناوم بینی، بەڵام بیرم نییە کەی بوو، وەکو زۆربەی یاریزانەکان کە منداڵ بوون، من لە تەمەنێکی بچووکدا چێژم لە تۆپی پێ وەرگرتووە و ئەمە خولیای منە، من هەمیشە هەوڵدەدەم هەموو توانایەکم بخەمەگەڕ، دوایین ساڵ بۆ من زەحمەت بوو، بەتایبەت لە مامەڵکردن لەگەڵ پێکانەکاندا، سێ مانگ تێپەڕی و من بە تەنیا مەشقم دەکرد."
 
مێسی زیاتر گوتی "ئێستا جگە لە ئەمڕۆ بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکەمەوە، دەمەوێت چێژ لەو ساتانە وەربگرم کە تێیدام، دوای ئەوە بابزانین چی روودەدات، هیوادارم بەو ئاستە بەردەوامبم کە هەستدەکەم لە دۆخێکی باشدام و دڵخۆشم، هەست بە چێژ و خۆشی دەکەم بەو کارانەی دەیکەم کاتێک لە رووی جەستەییەوە باش و ئامادەم."

 
لیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "من عاشقی تۆپی پێم، دەمەوێت چێژ لە بوونی خۆم لە یاریگەدا وەربگرم، زۆر دڵخۆشم کاتێک لەگەڵ هەڵبژاردەکەمم و هاندەران بە ناوی منەوە هاوار دەکەن، بە ناوی هاوڕێکانمەوە هاوار دەکەن، لە راستیدا ئەوە لە هەموو شتێک زیاتر دڵخۆشم دەکات، زۆر دژایەتیم کرا، لە ئەرجەنتین بە کاتی زۆر سەختدا تێپەڕیم، بەڵام لە کۆتاییدا ئێستا گرنگە، من ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر چێژ دەبینم و دڵخۆشم."
 
مێسی لە بەردەم ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە گوتی "سوپاسی خوا دەکەم بۆ گەیشتن بە هەموو خەونەکانم، توانیم بگەمە گەورەترین خەونم بەبردنەوەی نازناوی مۆندیال، پێش ئەوەش چەندین نازناوم لەگەڵ بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان بردەوە، دوای ئەوەش لەگەڵ ئینتەرمەیامی.'

 
لە وەڵامی پرسیارێکی بەڕێوەبەری مارکادا، لە بارەی ئەوەی ئێستا هەستت چییە بۆ تۆپی پێ؟ مێسی گوتی "گرنگترین شت بۆ من خۆشەویستییە بۆ ئەم یارییە و هەمیشە بەدوای ئەوەوەم کە لە باشترین دۆخدا بم، بڕیاری هاتنم بۆ ئێرە بۆ ئینتەرمەیامی مانای ئەوە نییە بەمنزیکانە وازدەهێنم، بەڵکو کارکردنە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو کاروانە بچووکەی یانەکە هەیەتی، چونکە زۆر زۆر نوێیە و دەمەوێت بەشداری بکەم لە گەشەکردنی یانەکە و بردنەوەی نازناوەکاندا، بەختەوەربووین کاتێک گەیشتینە بردنەوەی نازناوەکان، ئێمە نزیکین لە بردنەوەی نازناوی دیکە و پشتبەخوا پێی دەگەین، هێشتا ساڵی زۆرم لەبەردەم ماوە و دەمەوێت چێژ وەربگرم و لەگەڵ ئەو کاتانە بژیم کە تێیدام، چونکە دەزانم کۆتایی وردە وردە نزیکدەبێتەوە.

 
بەشداریکردنت لە مۆندیالی 2026؟ ئەمە پرسیارێکی دیکە بوو لە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە کرا، لیۆنێل لە وەڵامدا گوتی " لە راستیدا من بیر لە داهاتوو ناکەمەوە، من تەنیا بیر لە ئەمڕۆ دەکەمەوە، هەست بە دڵخۆشی دەکەم و رازیم، ئەمە بەلای منەوە گرنگە.
 
مێسی باسی ئەرجەنتین و بارسێلۆنا دەکات و دەڵێت "ئەرجەنتین و بارسێلۆنا ماڵی منن، ئێستاش من لە شوێنێکم تێیدا هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم لە قۆناخێکی نوێی ژیانمدا، ئێمە لە بارسێلۆنا بە چەندین ساڵی زەحمەتدا تێپەڕین، چونکە کاروانە درێژخایەنەکەت هەمیشە سەرکەوتن نابێت و تووشی چەندین شکستیس بووین، بەڵام دڵخۆشم لەگەڵ یانەی منداڵیم کە بارسێلۆنایە، هەموو شتێکم بەدەستهێنا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە