سەرکەوتنەکانی ئامەد سپۆر بەردەوامن و یانەکە پێشەنگە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەد سپۆری باکووری کوردستان لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و حەوتەم بردنەوەی لەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیادا تۆمارکرد.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی خولەکەدا، لە یارییەکانی کۆمەڵەی سووردا، یانەی ئامەد سپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کارامان ئێف کەی یارییکرد و یانەکەی باکووری کوردستان یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
دوای تەنیا هەشت خولەک یارییکرد، بەرک ئیسماعیل گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی ئامەد سپۆر تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست، خولەکێک بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە، هەمان یاریزان گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەکەی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندیی ئامەدسپۆر کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا، خاوەن یاریگە زۆر هەوڵیدا گۆڵ تۆماربکات، لە دوایین خولەکی یارییەکەدا نادر چیفتچی بەلێدانی سزا گۆڵێکی بۆ یانەی کارامان تۆمارکرد، بەڵام بێ سوود بوو و یانەکە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا دۆڕا.
 
ئامەد سپۆر لەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیادا، لە کۆی 8 یاری 7 یاریی بردووەتەوە و لە یارییەکدا یەکسانبووە.
 
بەم بردنەوەیە ئامەد سپۆر بووە خاوەنی 22 خاڵ و لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی سووری خولەکەدایە، تیپەکە 16 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 4 گۆڵی لێکراوە.