لاپۆرتاش تێوەگلا

18-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا نێگرێرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگای ئیسپانیا، تۆمەتبارکردنی خوان لاپۆرتای سەرۆکی ئێستای یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەتێوەگلان لە سکانداڵی ناوبژیوانان لە دۆسێی ناسراو بە سکانداڵی نیگرێرا راگەیاند.
 
پێشتر دادگای ئیسپانیا هەمان تۆمەتی ئاراستەی هەریەکە لە جۆسیپ ماریا بارتۆمیۆ و ساندرۆ رۆسێل، سەرۆکانی پێشووی بارسێلۆنا و خۆسێ ماریا ئینرێکس نیگرێرا، جێگری بەرپرسی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا کردبوو.
 
یانەی بارسێلۆنا رووبەڕووی تۆمەتی بەرتیلدان بە نیگرێرا کراوەتەوە، لە بەرامبەر وەرگرتنی هەندێک تایبەتمەندی راوێژکارییانە لەبارەی ناوبژیوانانی لالیگاوە.
 
پێشتر دادگای ئیسپانیا تۆمەتی "بەرتیلدان"ی ئاراستەی لایەنە تۆمەتبارکراوەکان بەتێوەگلان لە دۆسێیەکەدا کردبوو، بەوەش دۆسێیەکە دەچێتە ژێر بەندی لیکۆڵینەوە لە گەندەڵیی وەرزشی.
 
لە دۆسێیەکەدا، نیگرێرا تۆمەتبارە بەوەرگرتنی زیاتر لە حەوت ملیۆن یۆرۆ لە ماوەی 18 ساڵدا، لە یانەی بارسێلۆنا و ئەو پارەپێدانە کاتێک وەستاوە کە نیگرێرا دەستیلەکارکێشاوەتەوە لە لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا.
 
بەپێی تۆمەتە ئاراستەکراوەکان، نیگرێرا هەروەها سوودی لە پۆستەکەی بینیوە بۆ بەکارهێنانی وەک سەرچاوەیەک بۆ بەدەستهێنانی پارە لە رێگەی کوڕەکەی و ئەو کۆمپانیا تایبەتەی هەیبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە