تۆنالی بۆ ماوەی ساڵێک لە یارییکردن رادەگیرێت

18-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن سکانداڵی قومارکردن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا ساندرۆ تۆنالی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێشهات و گۆڕانکارییەکان لەبارەی دۆسێی تێوەگلانی چەند یاریزانێکی ئیتاڵی، لە سکانداڵی گرەو و قومارکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان، پێشهاتی نوێی بەدواداهات، پاشئەوەی ئاشکراکرا ساندرۆ تۆنالی یاریزانی نیوکاسڵی ئینگلیزی، زانیاری نوێی لەبارەی دۆسێیەکەوە داوەتە پۆلیس.
 
پێنجشەممەی پێشوو، پۆلیسی ئیتاڵیا لە میانی لێکۆڵینەوە لە دۆسێی تێوەگلانی هەریەکە لە نیکۆلۆ زانیۆلۆ و ساندرۆ تۆنالی، لە سکانداڵی قومارکردن لەسەر یارییەکان، هەڵیکوتایە سەر کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و هەردوو یاریزانەکەی بانگهێشتی لێکۆڵینەوە کرد. ئەو دوو یاریزانە دواتر بەفەرمی لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا کە خۆی بۆ پاڵاوتنەکانی یۆرۆ ئامادە دەکرد، دوورخرانەوە.
 
پێشتر لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا، فابریزیۆ کۆرۆنا، کە ئەکتەر و وێنەگرێکی ئیتاڵییە سکانداڵێکی ئاشکراکرد و گوتی نیکۆلۆ فاگیۆلی یاریزانی یانەی یوڤێنتوس، قوماری لەسەر ئەنجامی یارییەکان کردووە. پاش ئەو تۆمەتبارکردنە، داواکاری گشتیی تۆرینۆی ئیتاڵی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ فاگیۆلی دەستپێکرد.
 
لە لێکۆڵینەوەکاندا، فاگیۆلی دانی بەقومارکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان نابوو. ئاشکرایکردووە هەریەکە لە تۆنالی و زانیۆلۆش هەمان کاریان کردووە. فاگیۆلی دانی بەتاوانەکەدا ناوە تاوەکو سزاکەی سووک بکرێت لە ژێر بەندی هاوکاریکردنی لێکۆڵینەوەکاندا.
 
پاش لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەگەڵ هەریەکە لە تۆنالی و زانیۆلۆ کە تەلەفۆن و تابلێتەکانی ئەو دوو یاریزانە لەلایەن پۆلیسەوە وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان دەستیان بەسەرداگیرا، سەرچاوەکان ئاشکرایانکرد سزای تووند چاوەڕێی یاریزانە تێوەگلاوەکان دەکات.
 
یاسا رێگەنادات یاریزانی تۆپی پێ و کەسە نزیکەکانیان بەشداریی لە هیچ گرەو و قومارێکدا بکەن کە پەیوەندی بە تۆپی پێوە هەبێت، چونکە بۆی هەیە ببێتە هۆکاری دەستکاریکردن و یارییکردن بە ئەنجامی یارییەکان.
 
سەرچاوەکان لە ئیتاڵیاوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرایانکردووە، ساندرۆ تۆنالی دانیبەتاوانی گەورەتر لەوەداناوە کە پێشتر بڵاوکرابووەوە.
 
رۆژنامەی 'لاگازێتا دیلۆ سپۆرت' ئاشکرایکردووە، تۆنالی بەپۆلیسی گوتووە کاتێک لە یانەی میلان بووە، گرەوی لەسەر ئەنجامی یارییەکانی یانەکەی کردووە.
 
یاسا سزای قومارکردنی یاریزانان سەختتر دەکات، ئەگەر سەلمێنرا یاریزانەکان قوماریان لەسەر ئەنجامی یاریی تیپ و یانەکانی خۆیان کردووە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، تۆنالی گوتوویەتی، لەکاتی یارییکردنم لە میلان، قومارم لەسەر ئەنجامی یارییەکانی میلان کردووە، بەڵام ئەو قومارە نەبووەتە هۆکاری گۆڕینی ئەنجامی یارییەکان.
 
پێشبینیکراوە تۆنالی رووبەڕووی سزایەکی تووند ببێتەوە لەلایەن داواکاری گشتیی ئیتاڵیا و خێزانی تۆپی پێی وڵاتەوە، پاشئەوەی وردەکاریی زۆری لەبارەی سکانداڵەکەوە ئاشکراکردووە.
 
میدیاکان پێشتر گوتبوویان تۆنالی و فاگیۆلی دانیان بەوەداناوە کە ئەوان خوپێوەگرتووی قومارن و بەردەوام ئەو کارەیانکردووە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بەچوونە لای پزیشکی دەروونی، لەپێناو چارەسەروەرگرتن بۆ خوپێوەگرتنی قومار.
 
میدیای ئیتاڵیا پێشبینیدەکات سزای ساندرۆ تۆنالی راگرتن بێت بۆ ماوەی ساڵێک لە یارییکردن.
 
لە کاردانەوەکانی دۆسێی سکانداڵەکەدا، دوێنێ سێشەممە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بڕیاری راگرتنی نیکۆلۆ فاگیۆلی بۆ ماوەی حەوت مانگ لە یارییکردن راگەیاند.
 
فاگیۆلی وەک راگەیەنراوە هاوکاریی زۆری لێکۆڵینەوەکانی کردووە و ئارەزوومەندانە چووەتە بەردەم پۆلیس و دانیبەتاوانەکەیدا ناوە.
 
بەپێی سزاکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، فاگیۆلی بۆ ماوەی 12 مانگ لە یارییکردن رادەگیرێت، بەڵام 5 مانگیان بە چارەسەرکردنی خوپێوەگرتن و دەرکەوتن لە شوێنی گشتیدا کەمدەکرێتەوە.
 
لە مەرجەکانی سووککردنی سزاکەدا هاتووە کە دەبێ ئەو یاریزانە لانیکەم شەش مانگ چارەسەری خوپێوەگرتن بەقومارەوە وەربگرێت. هەروەها لانیکەم لە پێنج مانگدا، دە جار خۆی پێشانی دەسەڵاتداران بدات و بیسەلمێنێت کە هاوکاریی کەسانی دیکەی کردووە بۆ ئەوەی نەکەونە تەڵەی قومارکردن و چارەسەری خوپێوەگرتن وەربگرن.
 
فاگیۆلی هەروەها بەبڕی 125 هەزار یۆرۆ سزادراوە، چونکە مادەی 24ی یاسای دادوەریی وەرزشیی پێشێلکردووە کە هەموو جۆرە گرەوێک لەسەر پاڵەوانێتییەکانی رێکخراو لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا قەدەخە دەکات.
 
لە دوای ئاشکراکردنی سزاکەی، فاگیۆلی لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'لاگازێتا دیلۆ سپۆرت' گوتی "داوای لێبوردن لە جەماوەری یوڤێنتوس و هەموو هاندەرانی تۆپی پێ لە هەموو جیهاندا دەکەم و دانیپێدادەنێم ئەوەی کردم هەڵە بوو".
 
ئەو یاریزانە هەروەها دەڵێ، "بەڵام من نیگەرانبووم لەو چیرۆکە درۆیانەی بەناوی منەوە بڵاودەکرێنەوە، تەنیا بۆ ئەوەی وێنەم بشێوێنن لەبەرچاوی خەڵکدا، من لە ماوەی نزیکی داهاتوودا هەموو شتێک رووندەکەمەوە".
 
سەرچاوەکان پێشبینیدەکەن لە چەند کاژێر و رۆژەکانی داهاتوودا، داواکاری گشتیی ئیتاڵیا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، بڕ و سزای هەریەکە لە تۆنالی و زانیۆلۆش رابگەیەنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).