ڤیدیۆ؛ نەیمار تووشی پێکانێکی قوڕس بوو و ئەگەری هەیە نزیکەی ساڵێک دووربکەوێتەوە

18-10-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نەیمار
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل تووشی پێکانێکی قوڕس بوو، بەو هۆیەوە ئەگەری هەیە نزیکەی ساڵێک لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی بەرازیل بەرامبەر ئۆرۆگوای یارییکرد، لە یارییەکەدا نەیمار داسیلڤا تووشی پێکانێکی قوڕس بوو، بەو هۆیەوە یاریزانەکە بە ناچاری یاریگەی بەجێهێشت و گۆڕانکاریی پێکرا.
 
بەپێی زانیارییەکانی سەرەتاییەکان، ئەو پێکانەی نەیمار تووشی بووە پێدەچێت پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بێت، هەرچەند چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە رەنگە تەنیا ئازارێکی زۆری پێگەیشتبێت و پچڕان نەبێت.
 
لە هەردوو ئەگەرەکەدا نەیمار ماوەیەکی زۆر لە یاریگەکان دادەبڕێت، بەڵام ئەگەر پشکنینی کۆتایی دەربچێت و دەربکەوێت کە پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆیەتی، ئەستێرە بەرازیلییەکە بە ئەگەری زۆرەوە 7 تاوەکو 9 مانگ لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
پێکانەکەی نەیمار زیانێکی گەورە بە هەڵبژاردەی بەرازیل دەگەیێنێت، بەڵام لەوەش کاریگەرتر دوورکەوتنەوەی دەبێت لە یارییەکانی یانەی هیلالی سعودی، کە لە گواستنەوەی هاوینەدا بە گرێبەستێکی گرانبەها پەیوەندیی بەو یانەیەوە کرد و هێشتا یاریزانەکە لە سەرەتای کاروانی یارییکردنیدایە لەگەڵ یانەکە.
 
بەرازیل لە یارییەکەدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕا، پلەی دووەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشووری لەدەستدا، یەکەمجارە لە دوای 22 ساڵ بەرامبەر ئۆرۆگوای دەدۆڕێت و یەکەمجاریشە لە دوای ساڵی 2015ـەوە لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال تووشی شکست دەبێت.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە