یانەی زاخۆ تانە لە سزاکەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەدات

18-10-2022
گۆڤەند مستەفا
  لێدوانی بڵند شەفیق، سەرۆکی یانەی زاخۆ بۆ رووداو
لێدوانی بڵند شەفیق، سەرۆکی یانەی زاخۆ بۆ رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە 10 ملیۆن دینار یانەی زاخۆ سزا دەدات و هاندەرەکانیشی لە 3 یاری بێبەش دەکات. سەرۆکی یانەکەش دەڵێت، ئەوان تانە لە بڕیارەکەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەدەن و پێیوایە، ئەوەی روویداوە "شیاوی ئەو سزا قورسە نییە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "نەبووە یانەیەک سزا بدرێت بێ ئەوەی بۆچوونی وەربگیرێت." 
 
لەبەر کاری ژمارەیەک هاندەر لەنێو یاریگەی یانەی زاخۆ لە یاری نێوان زاخۆ - سناعە، رۆژی دووشەممە 17-10-2022، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە 10 ملیۆن دینار یانەی زاخۆی سزادا و هاندەرانیشی لە 3 یاری بێبەشکرد.
 
لەسەر ئەو بڕیارە رۆژی سێشەممە 18-10-2022، بڵند شەفیق، سەرۆکی یانەی زاخۆ بە یوسف موسا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە بێدەنگ نابین و بەڵگە کۆدەکەینەوە و دەیدەین بە دادگە  لەسەر ئەو کەسانەی کە لە پشتی ئەو کارانەوە بوون. دەبێت بزانین ئەوانە کێن و بۆچی وادەکەن." 
 
بە بڕوای بڵند شەفیق، "ئەمە رووی راستەقینەی نە شارەکەیە و نە هاندەرانی یانەی زاخۆیە؛ هەموو کەسێک لە عێراق و کوردستان باش ئەوە دەزانن کە خەڵکی ئەو شارە چەندە سادە و ساکار و مرۆڤدۆست و میواندۆستن؛ هاندەرانیش باش دەناسن کە چەند خۆشەویستییان بۆ یانەکە و شارەکەیان هەیە، بەڵام بەداخەوە کەمتر لە 100 بۆ 200 کەس دەبنە هۆکاری ئەوەی روویەکی خراپ پێشانی کوردستان و عێراق و شەقامی وەرزشی بدەن." 
 
سەرۆکی یانەی زاخۆ پێیوایە، بڕیارەکەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بڕیارێکی "نادروستە" و دەڵێت: "مامۆستا محەممەد، سەرپەرشتیاری یانەی سناعە دوای تەوابوونی یارییەکە بە منی گوت، ئەگەر ئەو پشتیوانییە جەماوەرییەمان هەبووایە، هەموو ساڵێک خولی عێراقم دەبرد. بەداخەوە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئەو جۆرە لێدوانانە لەبەرچاو وەرناگرن، بەڵکو لەسەر هەندێک لێدوانی نادروست ئەو بڕیارە نادروستەی داوە." 
 
بڵند شەفیق گوتیشی: "ئێمە تانە لە بڕیارەکە دەدەین، ئەمڕۆ دەچینە بەغدا، لە تانەکەدا ناڕەزایی خۆمان پێشانداوە. ئەمە جاری دووەمە سزا دەدرێین؛ سزاکە قورسە و ئەوەی روویداوە شیاوی ئەو سزا قورسە نییە. لەلایەکی دیکەوە نەبووە یانەیەک سزا بدرێت بێ ئەوەی بۆچوونی وەربگیرێت." 
 
لە خولی پلە نایابی عێراق، رۆژی هەینی یانەی زاخۆ میوانداری یانەی سناعەی کرد و بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆلێک یارییەکەی لێ بردەوە؛ دوای تەواوبوونی یارییەکەش بەشێک لە هاندەرانی یانەی زاخۆ بوتڵی ئاوی شووشەیان لە تیپی میوان گرت.
 
بۆ دووبارە نەبوونەوە و رێگریکردن لەو جۆرە رووداوانە لەلایەن هاندەرانەوە، سەرۆکی یانەی زاخۆ گوتی: "سەرجەم بەشەکانی یاریگاکە بە کامێرا کۆنترۆڵ دەکەین و بەشەکانی نێو یاریگەش بە پەرژینی بەرز لە یەکتر جیا دەکەینەوە بۆ ئەوەی هەر بەشێکیان لە دەرگەی خۆی بچێتە دەرەوە." 
 
رۆژی شەممە 15-10-2022، واتە دوای رۆژێک لە یارییەکەیان لەگەڵ زاخۆ، یانەی سناعە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو جوڵانەوەیەی هاندەرانی یانەی زاخۆ دژیان "دوور لە گیانی وەرزشییە" و داوایان لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرد لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکات.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەی یانەی سناعەدا هاتبوو: "هاندەرانی یانەی زاخۆ لەگەڵ ئەوەی تیپەکەیان بردنەوەی تۆمارکرد، دوای یارییەکە رێگرییان لە چوونە دەرەوەی تیپەکەمان کرد و ماوەیەک لەسەر چیمەنی یاریگە ماینەوە؛ داوا لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکەین لێپرسینەوە بکەن. ئەگەر لێپرسینەوە نەبێت ئەمە رێگای ئەوە خۆشدەکات کە شاندی یانەکان بەردەوام گیانیان لە مەترسیدا بێت و هاندەرانی یانەکانی دیکەش هاندەدات ئەو کارانە بکەن." 
 
لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق 4 یانەی هەرێمی کوردستان کە بریتین لە یانەکانی هەولێر، زاخۆ، نەورۆز لەگەڵ دهۆک بەشدارن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە