کاروانی محەممەد سەڵاح لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت

 
 

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردە و خوێندن لە میسر بڕیارییدا، بڕیارییدا کاروانی یارییکردنی محەممەد سەڵاح، لە ناوەندەکانی خوێندن لە وڵاتە بخوێندرێت.
 
دکتۆر نەوال شەلەبی، بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەوپێشبردنی میتۆدەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن لە میسر ئاشکرایکرد، کە کاروانی یارییکردنی محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی تۆپی پێی میسر و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی لە وانەی زمانی ئینگلیزی لە هەردوو قۆناخی دواناوەندی و ئامادەییدا بخوێندرێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی نەوال شەلەبی رایگەیاندوون، ئەمساڵ دەست بە خوێندنی کاروانی سەڵاح دەکرێت، بۆ ئەوەی هەموو قوتابیان هەلی ئەوەیان هەبێت، زانیاری ورد لەبارەی کاروانی وەرزشی و سەرکەوتووی ئەو یاریزانە لە تۆپی پێدا بزانن.
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی زیادکردنی کاروانی سەڵاح لە سیستمی خوێندندا ئەوەیە کە ئەو یاریزانە، پاڵپشتیی بەردەوامی وڵاتەکەی کردووە بۆ بەرەودان بە زمانی ئینگلیزی و خەڵکی هانداوە بۆ ئەوەی خۆیان فێری ئەو زمانە بکەن.
 
محەممەد سەڵاح یەکێک سیمبۆلە دیارەکانی میسرە، لە 2017 پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی کردووە، لەگەڵ ئەو یانەیە ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە و رۆڵی گەورە و کاریگەری لە یانەکەدا هەبووە.
 
سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول 2017-2018 بووە گۆڵکاری پرێمەرلیگ بە تۆمارکردنی 32 گۆڵ، لە 2018-2019 هاوشانی سادیۆ مانێ و پیێر ئۆبامیانگ بووە گۆڵکاری پرێمەرلیگ، لەگەڵ یانەکە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، نازناوی پرێمەرلیگ، جامی سوپەری ئەوروپا و جامی جیهانی یانەکانی بردووەتەوە.
 
ئەستێرە میسرییەکە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا بەباشترین کاتەکانیدا تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا بە تۆمارکردنی 7 گۆڵ لەگەڵ جەیمی ڤاردی گۆڵکاری خولەکەیە.
 
ساڵی 2019 بەهۆی ئەو کاریگەرییە مەزنەی لە یانەکەیدا هەیبوو، گۆڤاری تایمی ئەمریکی ناوی محەممەد سەڵاحی لەنێو لیستی 100 کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان دانا.