سەرۆکی یانەی ئارارات خۆی بەربژێر ناکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هیوا شێخەڵڵا، سەرۆکی یانەی وەرزشیی ئارارات ئاشکرایکرد، واز لە پۆستی سەرۆکایەتی یانەکەی دەهێنێت و جارێکی دیکە خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر ناکاتەوە.
دوێنێ بەشێوەیەکی فەرمی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕیی یانەکانی کوردستان بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش دەستیپێکرد و بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەدا هەڵبژاردن بۆ هەموو یانەکان ئەنجامبدرێت.
هیوا شێخەڵڵا، لە دایکبووی 1976 پێشتر کاپتن و گۆڵکاری یانەی ئارارات بوو، لە چوار ساڵی رابردوودا سەرۆکایەتی یانەکەی کرد، ئەمڕۆ دووشەممە بڕیاریی وازهێنانی راگەیاند.
سەرۆکی یانەی ئارارات لەبارەی ئەو بڕیارەی تایبەت بە رووداو گوتی "خۆم بۆیە بەربژێر ناکەمەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، چونکە سەرقاڵم بە کاری تایبەتی خۆم، دەمەوێت کەسێکی دیکە سەرۆکایەتی یانەکە وەرگرێت".
یانەی ئارارات یەکێکە لە یانە بەهێزەکانی ناو خولی یانە نایابەکانی کوردستان، وەرزی ئەمساڵ لە یەکەم یاریدا بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام بە یانەی شێروانە دۆڕا.
هیوا شێخەڵا ئاماژەی بەوەشکرد "یانەی ئارارات ماڵی منە و هیچ کاتێک لەو یانەیە دانابڕێم و بەردەوام پاڵپشتی یانەکە دەبم، هەموو کاتێک نزیک دەبم لە هەموو ئەندامان و یاریزانانی یانەکە".
بەپێی ئەو خشتەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش داندراوە، رۆژی 20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردن بۆ یانەی وەرزشیی ئارارات دەکرێت.