ڤیدیۆ؛ پەیامی ئەگوێرۆ و کۆمان دوای بردنەوەی بارسێلۆنا لە ڤالێنسیا

 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی بردنەوە و بەدەستهێنانی سێ خاڵ، یانەی بارسێلۆنا میوانداریی یانەی ڤالێنسیای کرد، لە یاریی لووتکەی گەڕی نۆیەمی لالیگادا و فاتیش دوای گەرانەوەی بۆ یەکەمجار سەرەکییە.
 
چوار خولەک تێپەڕی لێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا لە خۆسێ لویز گایەوە، بووە هۆکاری هەژاندنی تۆڕی گۆڵی ئاندرێ تێر شتیگن.
 
وەڵامی بارسێلۆنا بۆ میوانەکەی خێرابوو، ئانسۆ فاتی لە دەرەوەی ناوچەی سزا ئەنجامەکەی راستکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم فاتی بووە هۆکاری ئەوەی لێدانێکی سزا بۆ بلاوگرانا هەژماربکرێت، مێمفێس دێپای سەرکەوتووانە جێبەجێیکرد و نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگە کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا ڤالێنسیا مەترسیی خستە سەر گۆڵی شتیگن، بەڵام ستوون رێگەی نەدا سۆلێر ئەنجامەکە راستبکاتەوە، دوای ئەوە گێدێش خۆی تاقیکردەوە، بەڵام گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە بەجوانترین شێوە تۆپەکەی گەڕاندەوە.
 
لە خولەکی 85 فیلیپ کۆتینیۆ، کۆتایی بە چاوەڕوانییەکان هێنا و یەکەم گۆڵی لەم وەرزەدا تۆمارکرد، ئەگوێرۆ یەکەم یاریی دوای پەیوەندیکردنی بە بارسێلۆناوە ئەنجامدا، بلاوگرانا لە کامپ نو سێ خاڵی بردەوە و لە 2016ـەوە هیچ یارییەکی لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ڤالێنسیا نەدۆڕاندووە.
 
دوای یارییەکە سێرجیۆ ئەگوێرۆ دڵخۆشیی خۆی بە ئەنجامدانی یەکەم یاریی بەدرێسی بارسێلۆناوە پێشاندا و گوتی " زۆر دڵخۆشم بە یەکەم دەرکەوتنم لەگەڵ یانەکە، ئەمە ساتێکە کە لە منداڵییەوە چاوەڕێی دەکەم، گرنگترین شت بردنەوەی یارییەکە، پاڵپشتیی هاندەران بۆ من شتێکی بڕواپێنەکراوبوو و دەمەوێت لەنێو یاریگەدا وەڵامیان بدەمەوە."
 
ئەگوێرۆ زیاتر گوتی " لە ماوەی پێکانەکەمدا بە کاتی سەیردا تێپەڕیم، دەزانم هاندەران هەست بە نیگەرانی دەکەن بەهۆی ئەو بارودۆخەی یانەکە پێیدا تێدەپەڕێت، بەڵام پێویستە ئارامبگرن و متمانەیان بە تیپەکە هەبێت."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی ئانسۆ فاتییەوە ئەگوێرۆ گوتی " ئەو یاریزانێکی لاوە و توانایەکی زۆرباشی هەیە، دڵخۆشم بە ئاستی ئەو یاریزانە، پێویستە هاوکاریی بکەین بۆ ئەوەی باشتر تواناکانی پێشانبدات."
 
لەلایەن خۆیەوە رۆناڵد کۆمان، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا گوتی " یارییەکی زۆرباشمان ئەنجامدا، لەرووی بەرگرییەوە پێشکەوتنمان بەخۆمانەوە بینیوە، ڤالێنسیا مەترسییەکی زۆری دروستنەکرد، تیپەکەمان لە یارییەکەدا زۆرباشبوو و دەمانەوێت لە رووی هێرشبەرییەوە یاریی بکەین."
 
راهێنەری بارسا زیاتر دەڵێت " دوو رۆژی ئاراممان لەبەردەمە، پێویستە سوودیان لێ وەربگرین، چەند شتێکی جوان هەن لە تیپەکەدا، هەستەکان بۆ بردنەوە و دۆڕان جیاوازن، پێویستە لەسەرمان زۆربەباشی بۆ یاریی داهاتوو ئامادەبین و هەموو توانا و هزرێکمان بخەینە سەر ئەو یارییە."
 
لەبارەی ئانسۆ فاتی، هێرشبەری لاوی تیپەکەی کۆمان گوتی " دەمەوێت قۆناخ بە قۆناخ بەشداری بە یاریزانەکە بکەم بۆ ئەوەی لەرووی جەستەییەوە باشتر ئامادەبێت، بارودۆخەکە پەیوەندیی بە ئاستی هونەری یاریزانەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە ئامادەیی یاریزانەکەوە هەیە لە رووی جەستەییەوە."
 
بارسێلۆنا دوای بردنەوەی لە ڤالێنسیا ژمارەی خاڵەکانی بۆ 15 خاڵ بەرزکردەوە و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە و یارییەکی دواخراویشی ماوە.