لامپارد لەژێر هەڕەشەدایە

18-10-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فرانک لامپارد
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری پێشووی یانەی یوڤێنتوس دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو کاری راهێنەرایەتی و لە ماوەی رابردووشدا ناوی بە چەند یانەیەکی جیاوازەوە بەستراوەتەوە.

ئالێگری نزیکبوو لەوەی جێگەی ئەنتۆنیۆ کۆنتی بگرێتەوە و ببێتە راهێنەری ئینتەرمیلان، ناوی بە یانەی رۆماشەوە گرێدرابوو.

راهێنەرە ئیتالییەکە هەلی کارکردنی لە چەند یانەیەک بۆ رەخسا، وەک مانچێستەر یونایتد و پاریس سانجێرمان، بەڵام نەبووە راهێنەری هیچ یەکێکیان و تاوەکو ئێستاش بەبێ کار ماوەتەوە.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیتالیا، باس لە ئەگەری بوون بە راهێنەری یانەی چێڵسی دەکەن، لەکاتێکدا یانەکە 247 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی یاریزاناندا خەرجکردووە و تاوەکو ئێستا لامپارد و پێکهاتەکەی نەیانتوانیووە ئەنجامی باش بۆ یانەکە بەدەسبهێنێت، بەتایبەت کە یانەکە هەموو داواکارییەکانی راهێنەرەکەی جێبەجێکردووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات.

چێڵسی لە دوایین یاریی پرێمەرلیگدا بە 3-3 لەگەڵ ساوسامتۆن یەکسانبوو و دوو خاڵی لەدەستدا، لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر سێڤییا یاریی دەکات و پاشانیش لە پرێمەرلیگدا رووبەڕووی مانچێستەر یونایتد دەبێتەوە، ئەو دوو یارییە بۆ لامپارد چارەنووسسازن و لە ئەگەری دۆڕانیان ئەگەری دوورخستنەوەی لە کارەکەی زیاتر دەبێت.

بەستنەوەی ناوی ئالێگری بە یانەی چێڵسییەوە لەکاتێکدا، میدیای بەریتانیا باس لەوەدەکات کە ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری پێشووی یانەی تۆتێنهام دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانە لەندەنییەکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە