ئۆراوا و هیلال گەیشتە فایناڵی چامپیۆنزلیگی ئاسیا

رووداو - هەولێر

یانەی ئۆراوا رێد دیامۆندزی ژاپۆنی خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی خولی یانە پالەوانەکانی ئاسیا، دوای بردنەوەی لە یانەی شەنگەهای چینی.

 لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتاییدا کە لە یاریگەی سایتاما لە ژاپۆن، یانەی ئۆراوا رێد دیامۆندز میوانداری یانەی شەنگەهای چینی کرد و لە خولەکی 11ی یارییەکە رافایێل سێلڤای بەرازیلی گۆڵی یەکەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و هەرچەندە شەنگەهای هەڵوڵی زۆریدا بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، بەڵام بۆی نەچووە سەرو یارییەکە بە گۆڵێکی بێ وەڵام کۆتاییهات.

لە یاریی چوونیشدا لە چین هەردوو یانە بە گۆڵیک یەکسانبوون و بە کۆکردنەوەی ئەنجامی هەردوو یاریی یانەی ئۆراوا رێد دیامۆندز بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆلێک گەیشتە یاریی کۆتایی و لەوێش یاریی چوون و گەڕانەوە بەرامبەر یانەی هیلالی سعودی دەکات لە 18 و 26ی نۆڤەمبەردا.