سەرۆکی لالیگا: ڤینیسیۆس شایستەی باڵۆن دۆرە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر لالیگا خاڤیێر تێباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگای ئیسپانیا، پێیوایە ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید، شایستەی بەدەستهێنانی نازناوی باڵۆن دۆرە.
 
ڤینیسیۆس لە نێو لیستی کۆتایی بەربژێرانی بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری 2024دایە، پاشئەوەی لەگەڵ ریال مەدرید نازناوەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.
 
تێباس لە لێدوانی بۆ میدیای ئیسپانیا دەڵێ، "ڤینیسیۆس شایستەی باڵۆن دۆری ئەمساڵە، بەهۆی ئەو ئاستەوە کە وەرزی رابردوو پێشکێشی کرد، ئەگەر پلەی یەکەمیش بەدەستنەهێنێت، دووەم دەبێت".
 
لەبارەی رەگەزپەرستییەوە بەرامبەر ئەو یاریزانە، سەرۆکی لالیگا دەڵێ، "ئینیاکی ویلیامز لە یاریگەی بارسێلۆنا رووبەڕووی هەمان شت بووەوە، ئاکاپۆ لە کادیز، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە یاریزانەکەی ریال مەدرید پێشانی هەمووانیدا کە رووبەڕووی چی بووەتەوە، بەوەش ئێستا هۆشیارییەک هەیە بەوەی کە ئەگەری هەیە ئەو جۆرە کارانە رووبدەن".
 
تێباس هەروەها دەڵێ، "زۆر هەڵمەتی دژە رەگەزپەرستی هەن، هەڵسوکەوتیش بەرامبەر ئەو جۆرە کارانە ئێستا لە جەنگێکی توونددایە، لەبەرئەوەی ئیسپانیا خۆی رەگەزپەرست نییە و تۆپی پێیەکەشی بەهەمان شێوە، بەڵکو ئەوەی روودەدات، تەنیا کاری چەند کەسێکە".
 
پێشتر ڤینی گوتبووی ئیسپانیا گیرۆدەی دەستی رەگەزپەرستی بووە و داوایکردبوو ئەگەر ئیسپانیا خۆی لەو خووە دەرباز نەکات، مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2030ی لێوەربگیرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە