مێسی لە ئەمریکا یەکەم کێشەی نایەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینیی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، بووە هۆکاری تووڕەیییەکی زۆری هاندەرانی خولی ئەمریکی، دوای ئامادەنەبوونی لە یاریی تیپەکەی بەرامبەر ئەتالانتا یونایتد.
 
لیۆ مێسی، هاوینی ئەمساڵ بە گواستنەوەیەکی بێبەرامبەر پەیوەندی بە ئینتەرمەیامییەو کرد، دوای ئەوەی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی هات.
 
مێسی لە یارییەکەی بەرامبەر ئەتالانتا یونایتد، لە کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی خولی ئەمریکا، بەشداری نەکرد، کە تیپەکەی بە ئەنجامی 5-2 دۆڕا.
 
ئەم شکستە یەکەم دۆڕانە کە ئینتەرمەیامی لە رکابەرییە جیاوازەکاندا تووشی دەبێت لە دوای ئەوەی مێسی پەیوەندی بەو تیپەوە کردووە، بەڵام ئەمە نەبوو کە هاندەرانی تووڕە کرد.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی زە ئاتلەتیکی بەریتانی، هاندەرانی ئەمریکی، چ هاندەرانی ئینتەرمەیامی بن یان تەنانەت ئەتالانتا، لە مێسی تووڕە بوونە، کە دەیانویست لە نزیکەوە بیبینن، نەک بەهۆی ئەنجامی یارییەکەوە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو کاتەوەی مێسی رووی لە ئینتەرمەیامی کردووە، هەموو بلیتەکانی یارییەکە فرۆشراون، چونکە هاندەران پەلەیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی بلیتەکانی یارییەکە بۆ ئەوەی سەیری مێسی بکەن، ئەمەش لە کۆتاییدا رووی نەداوە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، خواست لەسەر بلیتی یارییەکە وایکردووە هەرزانترین بلیت بگاتە 150 دۆلاری ئەمریکی، کە نرخێکی زۆر بەرزە.
 
یاریگەی مێرسیدس بێنز کە میوانداری یارییەکەی کردبوو، 71 هەزار و 535 هاندەر ئامادەی بووبوون بۆ ئەوەی سەیری مێسی بکەن، بەڵام یاریزانە ئەرجەنتینییەکە بەشداری یارییەکەی نەکرد.